ژنان لەبیر مەكەن
لە زۆربەی وڵاتانی دونیادا، ژنان بەشدارییەكی بەرچاویان هەیە لە پرۆسەی دەنگدان.
دەنگی ژن دەتوانێ كەسانێك سەربخات بۆ كورسی دەسەڵات و كارتی سووریش بداتە كەسانی دیكە، بەڵام كارەساتی گەورە لە وڵاتی ئێمە ئەوەیە ژنان كەمترین دەنگ بە هاوڕەگەزەكانی خۆیان دەدەن. ئەگەر ژن دەنگی بە ژن دابا ئەوە سیستەمی كۆتا پێویست نەدەبوو. ژن بەدەنگی راستەقینەی ژنان دەیتوانی بگاتە پەرلەمان و كورسی دەسەڵات.
نازانین رێژەی دەنگدەری ژن لە كوردستان بۆ هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاكان چەندە. بەڵام لەنێو لیستی حیزب و لایەنە سیاسییەكاندا نزیكەی 300 ژن ركابەری دەكەن بۆ بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەران، ئەوەش كارێكی ئاسان نییە كە وەك ژنێك دەنگی خۆت بگەیەنی بە زۆرترین رێژەی دەنگدەر و باشترین و گەشترین لایەنەكانی خۆت نمایش بكەیت و بتوانی كاریگەریت هەبێت لەسەر دەنگدەران. ئەمەش لە كۆمەڵگەیەكی پیاوسالاردا كە بە سیاسەتكردنی ژن رانەهاتووەو رەنگە بڕواشی پێنەبێت، چونكە زۆرینە سیاسەت بەكاری پیاو دەزانن و بڕوا و متمانەیان بە كاری سیاسی ژن نییە.
هەڵمەتی هەڵبژاردن لە كوردستان ئاسان نییە، پرۆسەیەكی سەختە بەتایبەتی بۆ ژنان، ژن تائێستا نەیتوانیوە وەك هێزێكی كاریگەر دەربكەوێت و بتوانێ دەنگی زۆرینەی دەنگدەرانی ژن بەدەستبهێنێ، بۆیە كە داوای دەنگ و پاڵپشتی لە ژنان دەكەیت، وەڵامی حازر بەدەستی ئەوەیە: دەتوانی چیمان بۆ بكەیت تا دەنگت پێبدەم؟ بۆیە لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا پێویستیت بە بانكێك پارە و سوپایەك خەڵك و چەندین دەزگای راگەیاندن هەیە. بۆ ئەوەی بتوانی بگەیتە زۆربەی شوێنەكان و زۆرترین پارە خەرج بكەیت رەنگە زۆرجار پێویستت بە كڕینی دەنگیش هەبێت وەك ئەوەی ئێستا لە كوردستان روودەدات. هەندێك كاندید بەلایەوە ئاساییە دەنگی دەنگدەرانی بكڕێت بەرامبەر بڕێك پارە یان مۆبایلی گالاكسی، ئایفۆن، ئایپاد، دەمانچە، پارە و ماكسیی ژنان.
لەم كاتەدا دەنگدەر بیر لەوە ناكاتەوە كە ئەوەی دەنگت دەكڕێ رێزی بۆ تۆ دانەناوە و دەنگی تۆ لە جیاتی ئەوەی مافی تۆ بێت وەك پاداشت و سزا بەكاردێنی، كاڵایەكە بۆ كڕین و فرۆشتن، ئەوەی ئێستا دەنگت دەكڕێ دواتر بۆت نییە داوای كاری لێبكەیت و لێپێچینەوەی لەگەڵ بكەیت، چونكە تۆ دەنگت بە دڵسۆزی و لێهاتوویی ئەو كەسە نەداوە. بەڵكو دەنگی تۆ فرۆشراوە، هیوادارم دەنگدەرانی كوردستان بە هۆشیارییەوە دەنگ بدەن و ژنانیش لەبیر نەكەن.