دەرهاویشتەکانی سەرژمێری لە ناوچەکانی مادەی 140

22 November 2024
دەرهاویشتەکانی سەرژمێری لە ناوچەکانی مادەی 140
سکرتێری حیزبی شیوعی عێراق دەڵێت: لە سەرژمێری پرسیاری نەتەوە و مەزهەب نەکرا بۆیە قەبارەی پێکهاتەکان دەستنیشان ناکات و "ئەم سەرژمێرییە مەترسی نییە لەسەر مادەی 140."
 
رائید فەهمی، سکرتێری حیزبی شیوعی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "ئەم سەرژمێرییە بۆ دەستنیشانکردنی رێژەی پێکهاتەکان نییە و پێویست ناکات هیچ لایەنێک مەترسی هەبێت لە ئەنجامەکانی سەرژمێری."
 
ئەو بەرپرسەی حیزبی شیوعی عێراق باس لەوەش دەکات: "دۆخی کەرکووک و پەیوەندی هێزە سیاسییەکان هۆکارن بۆ جێبەجێنەکردنی مادەی 140 و سەرژمێری 1957 دەیسەلمێنێت کێ خەڵکی رەسەنی کەرکووکە."
 
بە گوتەی رائید فەهمی، کە پێشتر سەرۆکی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140 بوو، پێشتر دەرفەتی جێبەجێکردنی مادەی 140 زیاتر بوو و ئێستا هەلومەرجی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140 نییە.
 
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ لەتیف فاتیح فەرەج، نووسەر، لەبارەی کاریگەریی سەرژمێری لە ناوچەکانی مادی 140 گوتی: هیچ رووداوێک لە ناوچە کوردستانییەکان بێ مەترسی نییە و ناکرێت کورد ترسی نەبێت لە ئەنجامەکانی سەرژمێری.
 
ئەو نووسەرە ئاماژەی بەوەشکرد، کە هەموو سەرژمێرییەکانی عێراق لە بارودۆخی نالەباردا کراون و راکان جبووری، پارێزگاری پێشووی کەرکووک هاوکاربوو لە هێنانی عەرەب و نیشتەجێکردنیان لە  کەرکووک.
 
هاوکات ئەحمەد عەزیز، لێکۆڵینڤان لە رووداوی ئەمڕۆ رایگەیاند: چەندین گومان و تێبینی هەن بەرامبەر سەرژمێری و جێبەجێنەکردنی مادەی 140 بێمتمانەییەکی گەورەی دروستکردووە.
 
"شەرمە خەڵکی رەسەنی کەرکووک شوێنیان نییە لە پارێزگەکەی خۆیان و لە ماڵان دەمێننەوە و بێ دوودڵی ئەم سەرژمێرییە رەهەندی سیاسی هەیە و دژی کورد بەکاردەهێنرێت." ئەمە بە گوتەی ئەحمەد عەزیز، لێکۆڵینڤان