هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی رێژەی جیابوونەوە
16:00
جاسم کەلاری: ژن و پیاو لە سەنگەری دژیەک بن بەختەوەرنابن
7:00
د. محەممەد خانی: منداڵ قوربانی سەرەکی نێوان دوو هاوژینی خراپن
8:00
شۆخان ئەحمەد: لە هەموو شارەکانی کوردستان رێژەی جیابوونەوەی زیادیکردووە
18:00
د. مورشید خەزنەوی: کێشەی خێزانی کورد لە تاراوگە دووهێندەی کوردستانە
هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی رێژەی جیابوونەوە مژاری بەرنامەی ئەمجارەی باوەڕنما بوو، بە میوانداری د. محەممەد خانی، دەروونناسی پەروەردەیی و مامۆستای زانکۆ، هەروەها مورشید خەزنەوی، دکتۆرا لە فیقهی ئیسلامی و مامۆستا جاسم کەلاری، ماستەر لە فیقهی ئیسلامی و پێشنوێژ و گوتارخوێن، هەروەها شۆخان ئەحمەد، پارێزەر.
سەرەتا دکتۆر محەممەد خانی روونیکردەوە کە ژن و پیاوی تەبا لە هەموو بارودۆخێکدا بەختەوەرن، بە پێچەوانەوە ناتەبایی نێوان ژن و پیاو کە کۆتایی بە بەختەوەری دەهێنێت و ئەوکات جیابوونەوە دروستدەبێت و گوتی "منداڵ ئەوکات دەبێتە قوربانی سەرەکیی جیابوونەوەی ژن و پیاو".
پارێزەر شۆخان ئەحمەد میوانی چوارەمی بەرنامەکە بوو، لەبارەی جیابوونەوەی هاوژینان لە کوردستان گوتی "لە هەموو شارەکانی کوردستان رێژەی جیابوونەوە زیادیکردووە، بەرزترین رێژەی جیابوونەوەش لە سلێمانییە.'' ئەو پارێزەرە باسی لەوەش کرد کە ئێستا دادگەکانی تایبەت بە خێزان و جیابوونەوە قەرەباڵخترینن. شۆخان ئەحمەد زۆر هۆکاری جیابوونەوەی باسکرد، لەبارەی هۆکارەکانی جیابوونەوەی هاوژینان، وەکو پارێزەرێک و شارەزا لە یاسا گوتی "یاساکانی دروستکردنی خێزان پێویستیان بە هەموارکردنەوەیە".
مامۆستا جاسم کەلاری ئاشکرای کرد، کە لە گەرمیان رێژەی جیابوونەوە نزیکە لە رێژەی هاوسەرگیری. لابارەی خێزانی بەختەوەر مامۆستا جاسم کەلاری لە بەرنامەکەدا گوتی "گرنگترین شت لە نێوان هاوژینان سۆز و بەزەییە و قورئانی پیرۆزیش بە جوانی کێشەکانی خێزان چارەسەر دەکات". هەورەها گوتی "ژن و پیاو لە سەنگەری دژیەک بن بەختەوەر نابن".
دکتۆر مورشید خەزنەوی کە ماوەی 18 ساڵە لە نەرویج دەژیت، لەو بارەیەوە گوتی" کێشەی خێزانی کورد لە تاراوگە دووهێندەی کوردستانە، واتە کێشەکە تەنیا تایبەت نییە بە کوردستان". د. مورشید خەزنەوی روونیکردەوە، هەندێ لە فەقیهەکان رێگە نادەن ژن بیرۆکەی هەبێت و دەیانەوێ گەورەیی پیاو بەسەر ماڵدا بسەپێنن، کە ئەمەش راستییەکە نییە. د. مورشید خەزنەوی ئاماژەی بەوەکرد، هەندێکجار جیابوونەوە چارەسەرێکی زۆر باشە.