رووداو دیجیتاڵ
ئابووریی تورکیا لە چارەکی یەکەمی ساڵدا، بە رێژەی 5.7% گەشەی کردووە. وەزیری گەنجێنە و دارایی تورکیاش دەڵێت، "بەو سیاسەتانەی پەیڕەوی دەکەین، ئابووریمان بەرەو گەشەیەکی هاوسەنگتر و بەردەوامتر دەڕوات."
ئەمڕۆ هەینی 31ی ئایاری 2024 دەستەی ئاماری تورکیا ئەنجامەکانی بەرهەمی ناوخۆی گشتیی چارەکی یەکەمی ساڵ (کانوونی دووەم-ئادار)ی بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی دەستەی ئاماری تورکیا، خەمڵاندنی یەکەمی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ چارەکی یەکەمی ساڵی 2024 وەکو پێوەری قەبارەی زنجیرەیی، بەراورد بە هەمان چارەکی پار، بە رێژەی 5.7% زیادیکردووە.
بەمەش، ئابووریی تورکیا لەدوای چارەکی دووەمی ساڵی 2020ـەوە، کە رێوشوێنەکانی دژ بە پەتای کۆرۆنا جێبەجێ کران، 15 چارەکە لەسەر یەک گەشە دەکات.
رێژەی گەشەکردنی ئابووریی تورکیا لە چوار ساڵدا بەم شێوەیەیە:
لە 2020دا بە رێژەی 1.9% گەشەی کردووە
لە 2021دا بە رێژەی 11.4% گەشەی کردووە
لە 2022دا بە رێژەی 5.5% گەشەی کردووە
لە 2023دا بە رێژەی 4.5% گەشەی کردووە
لە چارەکی یەکەمی 2024دا بە رێژەی 5.7% گەشەی کردووە
لەمبارەیەوە محەممەد شیمشەک، وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس پۆستێکی بڵاوکردەوە و تێیدا نووسیویەتی، "داهاتی ساڵانەی نیشتمانیی گەیشتووەتە یەک تریلیۆن و 158 ملیار دۆلار. بەو سیاسەتانەی پەیڕەوی دەکەین، ئابووریمان بەرەو گەشەیەکی هاوسەنگتر و بەردەوامتر دەڕوات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ