تورکیا

ئەحمەد تورک، سیاسەتڤانی بەنێوبانگی کورد و هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین؛ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە و سەزگین تانڕیکولو، پەرلەمانتاری ئامەدی جەهەپە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین سەردانی سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ی کرد و لەبارەی کێشەکانی گەورەشارەوانیی مێردین گفتوگۆیان کرد.
ئەمڕۆ هەینی 31ی ئایاری 2024 ئەحمەد تورک، سیاسەتڤانی بەنێوبانگی کورد و هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین سەردانی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپەی کرد. لەو دیدارەی نێوان تورک-ئۆزەل کە لە بارەگای سەرەکیی جەهەپە لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، سەزگین تانڕیکولو، پەرلەمانتاری ئامەدی جەهەپە-ش تێیدا بەشدار بوو.
دوای کۆبوونەوەکە، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی مێردین، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، "سەرۆکی گەورەشارەوانیمان، لەو دیدارەی لەگەڵ سەرۆکی جەهەپە ئەنجامیدا، گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی وڵات و کێشەکانی شارەوانییەکەمان کرا."
هەرچەندە ناوەندی راگەیاندنی جەهەپە، هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی کۆبوونەوەی ئۆزگور ئۆزەل و ئەحمەد تورک بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام میدیای نزیک لە ئۆپۆزیسیۆن باس لەوە دەکەن، باسی ئەگەری قەیوومکردنی سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی مێردین دەکرێت، بەهۆی سزادانی ئەحمەد تورک لە دۆسیەی کۆبانێ-دا.
رۆژی 16ی نیسانی 2024 ئەحمەد تورک لە پرۆسەی دادگەییکردنی دۆسیەی کۆبانێ بە 10 ساڵ زیندانیکردن سزا درا.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا کە رۆژی 31ـی ئاداری 2024 بەڕێوەچوو؛ ئەحمەد تورک، بەربژێری دەم پارتی لە مێردین 218 هەزار و 42 دەنگی بەدەستهێنا و بە رێژەی 57.40٪ بە سەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین دەرچوو. عەبدوڵڵا ئەرین، بەربژێری ئاکپارتی بە 105 هەزار و 528 دەنگ و بە رێژەی 27.78٪ لە ریزبەندی دووەمدا شوێنی خۆی گرتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ