رووداو دیجیتاڵ
بە تۆمەتی هەڕەشەکردن لە سەرۆکی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵ دەچێتە بەردەم دادوەر و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
کاژێر 10:00ـی بەیانی ئەمڕۆ هەینی 30ـی کانوونی دووەمی 2025، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ و سەرۆکی یەکێتیی شارەوانییەکانی تورکیا، دەچێتە دادگەی چاغڵایان بۆ لێکۆڵینەوە و وەرگرتنی گوتەکانی، ئەویش بەهۆی هەڕەشەکردنی لە ئاکین گورلەک، سەرۆکی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو تۆمەتی "ئاشکراکردنی ناوی داواکاری گشتیی لە پرسی لێکۆڵینەوە لە دژی رێکخراوی تیرۆریستی"، "هەڕەشەکردن لە دادوەری دەوڵەت" و "هاندانی خەڵک بۆ دژایەتیکردنی دامەزراوەی دادی تورکیا"ی خراوەتە پاڵ.
ئۆزگور چەلیک، سەرۆکی لقی رێکخستنەکانی ئیستەنبووڵی جەهەپە، رۆژی پێنچشەممە 30ـی کانوونی دووەمی 2025 لە هەژماری تایبەتی خۆی داوای لە سەرجەم پارێزەرەکانی شارەکە کرد بۆ بەرگریی لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، رۆژی هەینی بچنە بەردەم کۆشکی دادی چاغڵایان. هەروەها داوای لە رێکخستنەکانی ئیستەنبووڵی جەهەپە و پەرلەمانتاران و سیاسەتڤانانی ئۆپۆزسیۆن و کەسایەتییەکان و ئەکادیمیستەکان کردووە لە بەردەم دادگە ئامادە بن.
رۆژی 20ـی کانوونی دووەمی 2025، ئەکرەم گورلەک، سەرۆکی داواکاری گشتیی کۆماریی ئیستەنبووڵ، دۆسیەیەکی لە دژی جەم ئایدن، سەرۆکی لقی رێکخستنەکانی گەنجان و لاوانی جەهەپە جوڵاند. تێیدا ئایدن-ی بە "هاندانی خەڵک لە دژی دەوڵەت" و "سوکایەتیی بە دەسەڵاتی دادوەری" تۆمەتبار کرد، دادگەش فەرمانی دەستگیرکردن و قەدەخەی گەشتکردنی بۆ دەرەوەی تورکیای بەسەردا سەپاند.
رۆژی دواتر ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە گردبوونەوەیەکی جەماوەریدا بە تووندی رەخنەی لە ئاکین گورلەک گرت و بە "دەڵاڵی گەڕۆک و بەکرێگیراوی ئەردۆغان" ناوی برد و رایگەیاند، "ئەو هزرە گەنیوەی خزمەتی دەکەیت لە دەست ئێمە رزگارت ناکات. کاتێک دەسەڵات دەگرینەدەست تۆ نامێنیت بۆ ئەوەی سبەی منداڵەکانیشت لە رەفتارە نایاساییەکانت رزگاریان بێت."
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی پێنچشەممە 30ـی کانوونی دووەمی 2025 لە گوتارێکیدا باسی لە پرۆسەی دادگەییکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کرد و رایگەیاند، "بێ ئەدەبیکردن بەوەی بڵێیت من ئەوەی بمەوێت دەیکەم و بمەوێت هەڕەشە لە هەر کەسێک بکەم دەیکەم و کەسیش ناتوانێت دەستم لێبدات، لە کۆتاییدا بەر دیواری سەختی حەق دەکەوێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ