دەستەی ئامار: ئابووریی تورکیا لە چارەکی سێیەمدا 5.9% گەشەی کردووە
رووداو دیجیتاڵ
ئابووری تورکیا لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا لە سەرووی پێشبینییەکانەوە 5.9% گەشەی کردووە.
دەستەی ئاماری تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجامی بەرهەمی ناوخۆیی گشتی بۆ چارەکی سێیەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی داتاکان، خەمڵاندنی یەکەمی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ چارەکی سێیەمی ساڵی 2023 "تەمموز- ئاب - ئەیلوول" وەک پێوەرێکی قەبارەی زنجیرەیی، بەراورد بە هەمان چارەکی ساڵی پێشوو بە 5.9% زیادیکردووە.
دوای راگەیاندنی داتاکان، محەممەد شیمشەک وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا رایگەیاند، ئابووریی تورکیا لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا 5.9% گەشەی کرد، کە لە سەرووی پێشبینییەکانەوە بوو.
بەگوێرەی داتاکان، خەمڵاندنی بەرهەمی ناوخۆیی بە شێوازی بەرهەمهێنان لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا بەراورد بە هەمان چارەکی ساڵی پێشوو 79.8% زیادیکردووە و گەیشتووەتە حەوت ترلیۆن و 681 ملیار و 432 ملیۆن لیرە. بەهای بەرهەمی ناوخۆیی لە چارەکی سێیەمدا بە دۆلاری ئەمریکی بە نرخی ئێستا 295 ملیار و 815 ملیۆن دۆلار بووە.
لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا بەراورد بە هەمان وادەی ساڵی پێشوو، ئیندێکسی قەبارەی بیناسازی 8.1%، پیشەسازی 5.7%، چالاکییە دارایی و بیمەییەکان 5.1%، خزمەتگوزارییەکان 4.3%، کارگێڕی گشتی، چالاکییەکانی پەروەردە، تەندروستی مرۆیی و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی 3.6%، چالاکییەکانی خانووبەرە 2.7%، چالاکییە خزمەتگوزارییەکانی دیکە 2.2%، چالاکییەکانی زانیاری و پەیوەندیکردن 1.7%، کەرتی کشتوکاڵ 0.3% زیادیان کردووە.
بەم شێوەیە لە دوای چارەکی دووەمی ساڵی 2020 کە رێکارەکانی پەتای کۆڤید-19 جێبەجێ کران، ئابووریی تورکیا بۆ ماوەی 13 چارەکی یەک لە دوای یەک گەشەی کردووە.