رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) داوا لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەکات دانوستاندن لەگەڵ پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) بکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، گرنگە لە هەر گفتوگۆ و دانوستاندنێکدا داواکارییەکانی گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان لەبەرچاو بگیرێن.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤیزیۆنیدا لەبارەی زۆر بابەتی پەیوەندیدار بە دۆخی باکووری کوردستان و تورکیا قسەی کرد.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە هەڵوێستی چییە لەبارەی هەوڵەکانی حکومەتی تورکیا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی سووریا، باکرهان گوتی: "ئەردۆغان لەگەڵ ئێران کۆدەبێتەوە و نیازی هەیە لەگەڵ سووریاش کۆببێتەوە. ئێمە دژی ئەو کۆبوونەوە و دیدارانە نین. ئێمە لەگەڵ دیدار و گفتوگۆیەکین کە کوردیش لەخۆبگرێت و داواکارییەکانی لەبەرچاو بگیرێن. با ئەردۆغان لەگەڵ پەیەدەش کۆببێتەوە و گفتوگۆ بکات،هەروەک چۆن دەیەوێت لەگەڵ ئەسەد کۆببێتەوە. لە رابردوودا چەندین جار لەگەڵ پەیەدە گفتوگۆ کراوە؛ ساڵح موسلیم و ئاسیا عەبدوڵڵا چەندین جار سەردانی تورکیایان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبوونەوە؛ ئەوە کارێکی زۆر باش بوو."
تونجەر باکرهان رایگەیاند: "لەبری دوژمنکاری، دەبێت دەستی تەبایی و دۆستایەتی درێژ بکرێت. دەبێت دەرفەت بە گەلی سووریا بدرێت بڕیار لەبارەی چارەنووسی بدات. کارێکی زۆر ئاساییە پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا پەرەیان پێبدرێت، بەڵام کاتێک باس لە داهاتووی سووریا دەکرێت، دەبێ کوردیش لەیاد نەکرێت"؛ گوتیشی: "دڵنیابن لەوەی نزیکبوونەوە لەگەڵ سووریا و ئەسەد لەسەر پێگە و دۆخی کورد دەبێت؛ مافەکانی رەت دەکرێنەوە و نکۆڵییان لێ دەکرێت."
هاوسەرۆکی دەم پارتی دۆخی ئابووریی وڵاتەکەی بە پرسی کوردەوە گرێدا و رایگەیاند: "سەرچاوەی خراپبوونی دۆخی ئابووریی تورکیا بۆ سیاسەتی دژایەتیکردنی کورد دەگەڕێتەوە؛ بۆ سیاسەتی جەنگ و بەرهەمهێنانی چەک و کڕینی تەکنۆلۆژیای سەربازی دەگەڕێتەوە"؛ گوتیشی: "لەگەڵ ئەوەداین ئاساییبوونەوە لە نێوخۆ و دەرەوە دەست پێبکاتەوە، بەڵام بە لۆژیکی مەهەپە ئەم کارە ناکرێت، بەهۆی ئەوەی مەهەپە فرەرەنگی رەتدەکاتەوە".
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە، رۆژی هەینی سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند: "هیچ هۆکارێک نییە رێگر بێت بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا".
پەیەدە ساڵی 2003 دامەزرا و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و (یەکینەکانی پاراستنی ژنان) باڵی چەکدارییەتی. ئەو دوو هێزە چەکدارییەش لەنێو هەسەدەدا رۆڵێکی کارایان هەیە.
حکومەتی تورکیا دەڵێت، پەیەدە لقی رۆژئاوای کوردستان و سووریای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە و هەربۆیە نەوەک تەنیا دانوستاندنی لەگەڵ ناکات، بەڵکو زۆرجاریش بۆردوومانی ئەو ناوچانە دەکات لە ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدان.
تورکیا هەرێمی عەفرین و ناوچەی گرێ سپی و سەرێ کانی لە رێگەی ئەنجامدانی دوو ئۆپەراسیۆنی زەوینییەوە لە ساڵانی 2018 و 2019 خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ