رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی زمانی کوردی (حەزکورد) داواکارییەکی ئاراستەی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا کرد بۆ زیادکردنی وانەی کوردی بۆ کەناڵی (EBA TV)، کە کەناڵێکی پەروەردەییە.
سوبحی ئۆزگەن، پارێزەر و یەکێک لە دامەزرێنەرانی حەزکورد دەڵێت، بۆئەوەی زمانی کوردی بخرێتە نێو سیستمی EBA داواکارییەکی ئاراستەی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا کردووە.
ئەو پارێزەرە دەڵێت، "ئەگەر پەخشی وانەی کوردی لە کەناڵی EBA TV دەست پێبکرێت، نەوەک تەنیا قوتابیان، بەڵکو ئێمەش سوودمەند دەبین. ئەگەری هەیە منداڵەکانمان فێری زمانی کوردی ببن یان کوردییەکەیان باشتر بکەن."
سوبحی ئۆزگەن هۆکاری داواکارییەکەی روونکردووەتەوە و دەڵێت، "لە ساڵی 2012وە لە پۆلەکانی سەرەتایی و ناوەندی وانەی بژاردە لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرێت، بەڵام بە شێوەیەکی کاریگەر نا. داواکارم بە دەستپێکردنی پەخشی کوردی لە کەناڵی EBA TV لانیکەم بەشێکی ئەوە قەرەبوو بکرێتەوە."
وەزارەتی پەروەردەی تورکیا رۆژی حەوتی ئایاری ئەم ساڵ لەنێو ئەو 20 هەزار مامۆستایەی ئەم ساڵ دامەزرێندران، تەنیا 10 مامۆستای کوردیی دامەزراند؛ شەش مامۆستا بۆ کرمانجی و چوار بۆ زازاکی.
ئەو پارێزەرە لە بەرامبەر دامەزراندنی تەنیا 10 مامۆستای کوردی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە ناڕەزایی دەربڕی.
لە ساڵی 2020دا بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی تورکیا بۆ خوێندنی وانەکان EBA TV دامەزرێندرا و تائێستاش بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ