باکووری کوردستان؛ ئەردۆغان 97 هەزار دەنگی زیاد کردووە و کڵچدارئۆغڵو 114 هەزاری لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، کە رۆژی 28ـی ئایاری بەڕێوەچوو، دەنگەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان زیادی کردووە، هاوشێوەی گەڕی یەکەم دەنگەکانی لە رکابەرەکەی زیاتر بوو، بەڵام دەنگی کەمال کڵچدارئۆغلو لە باکووری کوردستان کەمی کردووە.
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا لە 25 پارێزگاکەی باکووری کوردستان، رەجەب تەیب ئەردۆغان 4 ملیۆن و 479 هەزار و 423 دەنگی بەدەستهێنابوو، لە گەڕی دووەمدا بەپێی ئەنجامی بەرایی 4 ملیۆن و 576 هەزار و 854 دەنگی بەدەستهێناوە.
بەپێی ئەو ئەنجامە بێت، ئەردۆغان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن بە بەراورد بە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن، 97 هەزار و 431 دەنگی زیادکردووە.
کەمال کڵچدارئۆغلو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا 3 ملیۆن و 992 هەزار و 119 دەنگی لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان بەدەستهێنابوو، لە گەڕی دووەمدا 3 ملیۆن و 877 هەزار و 203 دەنگی بەدەستهێناوە.
بەپێی ئەو ئەنجامە بێت، کڵچدارئۆغڵو لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردندا بە بەراورد بە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن، 114 هەزار و 916 دەنگی لە باکووری کوردستان لەدەستداوە.
ئەردۆغان لە یەک پارێزگا و کڵچدارئۆغڵو لە 15 پارێزگا، دەنگیان کەمی کردووە
کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت لە (15) پارێزگەی باکووری کوردستان دەنگەکانی کەمی کردووە، ئەوانیش: وان، ئامەد، مێردین، جۆلەمێرگ، چەولیک، شرنەخ، سێرت، ئاگری، ئیدر، قەرس، رووها، ئێلەهـ، بتلیس، مووش و سەمسوورـن.
بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت لە (10) پارێزگەی باکووری کوردستانیش دەنگەکانی زیادبوون، ئەوانیش پارێزگاکانی: ئەردەخان، ئەرزەڕووم، خارپێت، دیلۆک، دێرسیم، ئەرزنجان، مەلەتی، کیلیس، سێواز، مەڕەش.
هەرچی رەجەب تەیب ئەردۆغانە، جگە لە پارێزگەی ئێلەهـ لە سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی باکووری کوردستان دەنگی زیادی کردووە.
قەڵای کوردان پشتی لە کەمال کڵچدارئۆغڵو کرد
شاری ئامەدی باکووری کوردستان، کە بە قەڵای کوردان ناسراوە، ئەمجارە دەنگدەرانی کەمتر دەنگیان بەو دوو بەربژێرە دا، بەتایبەتی کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەجۆرێک زۆرترین لەدەستدانی دەنگی ئەو بەربژێرە لەسەر ئاستی باکووری کوردستان، لەو پارێزگایە بووە.
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردندا کەمال کڵچدارئۆغڵو لە پارێزگای ئامەد 651 هەزار و 793 دەنگی بەدەستهێنابوو، لە گەڕی دووەمدا 610 هەزار و 78 دەنگی بەدەستهێناوە. واتە 41 هەزار و 715 دەنگی لەدەستداوە.
بەڵام دەنگەکانی ئەردۆغان لە قەڵای کوردان زیادی کردووە. ئەردۆغان لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن لەو پارێزگایەدا 239 هەزار و 827 دەنگی بەدەستهێنابوو، لە گەڕی دووەمدا 241 هەزار و 916 دەنگی بەدەستهێناوە. واتە 2089 دەنگی زیاد کردووە
زۆرترین لەدەستدانی دەنگی کڵچدارئۆغڵو لە دوای پارێزگەی ئامەد، لە پارێزگەی وان بووە. بە جۆرێک لە گەڕی یەکەمدا 334 هەزار و 192 دەنگی بەدەستهێنابوو، بەڵام لە گەڕی دووەمدا 308 هەزار و 421 دەنگی هێناوە، واتە 25 هەزار و 771 دەنگی لەدەستداوە. هەرچی رەجەب تەیب ئەردۆغانە لە پارێزگای وان 1930 دەنگی زیادکردووە.
کڵچدارئۆغلو لە 14 پارێزگا و ئەردۆغانیش لە 11 پارێزگا یەکەم بووە
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت لە 14 پارێزگای باکووری کوردستان یەکەم بووە، ئەوانیش پارێزگاکانی (وان، مێردین، ئامەد، جۆلەمێرگ، دێرسیم، مووش، بتلیس، شرنەخ، ئاگری، ئیدر، ئاگری، قەرس، ئەردەخان و ئێلەهـ.)
بەربژێری هاوپەیمانیی جمهووریش لە 11 پارێزگای باکووری کوردستان دەنگی یەکەمی بەدەستهێناوە. ئەوانیش پارێزگاکانی ئەرزەڕۆم، چەولیک، خارپێت، رووها، دیلۆک، ئەرزنجان، مەلەتی، سەمسوور، کیلیس، سیواز و مەڕەش.
زیاتر لە 340 هەزار کەس نەچوونەوە سەر سندووقەکانی دەنگدان
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردندا لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان 4 ملیۆن و 479 هەزار و 423 کەس دەنگیان بە ئەردۆغان و 3 ملیۆن و 992 هەزار و 119 کەس دەنگیان بە کلچدارئۆغڵو دابوو. هەروەها سینان ئۆغان 295 هەزار و 352 دەنگ و موحەڕەم ئینجەش سەرەڕای کشانەوەی لە کێبڕکێیەکەدا 29 هەزار و 303 دەنگی بەدەستهێنابوو.
لە گەڕی یەکەمدا بە هەر چوار بەربژێرەکە لە 25 پارێزگاکەی باکووری کوردستان 8 ملیۆن و 796 هەزار و 197 کەس دەنگیان بەدەستهێنابوو.
بەڵام لە گەڕی دووەمدا کە کێبڕکێیەکە تەنیا لەنێوان ئەردۆغان و کلچدارئۆغڵو بوو، یەکەمیان 4 ملیۆن و 576 هەزار و 854 دەنگ و دووەمیشیان 3 ملیۆن و 877 هەزار و 207 دەنگی بەدەستهێنا، بە هەردووکیشیان 8 ملیۆن و 454 هەزار و 61 دەنگیان بەدەستهێناوە.
بە بەرواردنی دەنگی بەربژێرانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە گەڕی یەکەمدا لەگەڵ گەڕی دووەم، دەردەکەوێت کە لە گەڕی دووەمدا 342 هەزار و 140 کەس لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان نەچوونەتەوە سەر سندووقەکانی دەنگدان.
رێژەی بەشداری لە دەنگدان کەمی کرد
هەروەک ناوەندەکانی راپرسی پێشبینیان دەکرد، رێژەی بەشداری دەنگدان لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردندا بە بەراورد بە گەڕی یەکەم، کەمی کردووە.
رێژەی بەشداریی لە دەنگدان لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان تەنیا لە پارێزگای دێرسیم زیادی کردووە، کە زێدی لە دایکبوونی کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری تورکیایە.
بۆچی دەنگی کەمال کڵچدارئۆغلو لە باکووری کوردستان کەمی کرد؟
سەرەڕای ئەوەی لە هەردوو گەڕی هەڵبژاردن، بەرپرسانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) داوایان لە ئەندام و لایەنگرانیان کرد، دەنگ بە کەمال کڵچدارئۆغلو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت بدەن، بەڵام لە گەڕی دووەمدا کڵچدارئۆغڵو لە باکووری کوردستان زیاتر لە 114 هەزار دەنگی لەدەستدا.
بەپێی شرۆڤەکاران زیاتر لە هۆکارێک هەن بۆ کەمبوونەوەی دەنگەکانی کەمال کڵچدارئۆغلو لە باکووری کوردستان:
- رانەگەیاندن یاخود ئاشکرانەکردنی ناوەڕۆکی ئەو رێککەوتنەکەی هەدەپە لەگەڵ بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت کردبووی بۆ پشتگیریکردنی لە هەڵبژاردنەکاندا.
- پشتیوانیی ئومید ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زەفەر لە بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت، کە پارتێکی نەتەوەپەرستە. ئۆزداغ چەند رۆژێک لەمەوبەر گوتبووی باپیری خۆی بە دەستی خۆی شێخ سەعیدی پیرانی بردووەتە بەر پەتی سێدارە.
- ئەنجامی گەڕی یەکەم، هەرچەندە لە گەڕی یەکەمدا هیچ کام لە بەربژێرەکان 50+1 دەنگەکانیان بەدەستنەهێنا، بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغا توانی49.54٪ رێژەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، لەکاتێکدا رکابەرەکەی کە کەمال کڵچدارئۆغڵو بوو، رێژەی 44.85٪ـی دەنگەکانی بردەوە، ئەم ئەنجامەش لە بەرژەوەندیی ئەردۆغان بوو، بۆیە دەنگدەرانی باکووری کوردستان لە گەڕی دووەمدا زۆر گەرموگوڕ نەبوون.