ئەندامێکی دەستەی دامەزرێنەری ئیی پارتی دەستی لەکارکێشایەوە

28-06-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای دەستلەکارکێشانەوەی کۆرای ئایدن، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی ئیی پارتی، کە یەکێک بوو لە بەهێزترین کەسایەتییەکانی نێو ئەو پارتە نەتەوەپەرست و ئۆپۆزیسیۆنەی تورکیا، ئەمڕۆ ئەندامێکی دیکەی دەستەی دامەزرێنەران دەستی لەکارکێشایەوە.
 
کێشە نێوخۆییەکانی ئیی پارتی دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی کۆمار و شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان بەردەوامە. ئەمڕۆ هەینی 28ی حوزەیرانی 2024 سێڤین چاغلایان، ئەندامێکی دیکەی دەستەی دامەزرێنەری ئیی پارتی، کە هاوکات پەرلەمانتاریشە، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند.
 
سێڤین چاغلایان، لە رێگەی کۆرای ئایدن، پەیوەندیی بە ئیی پارتی کردبوو. ئەوان پێکەوە لەگەڵ ژمارەیەکی دیکەی ئەندامانی دەستلەکارکێشاوە لە مەهەپە، بە سەرۆکایەتیی مەرال ئاکشنەر، ئیی پارتی-یان لە ساڵی 2017 دامەزراند.
 
سێڤین، لەناو ئیی پارتیدا بە کچی مەرال ئاکشەنەر ناسرابوو، بەڵام کۆبوونەوەی مەرال ئاکشەنەر لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، بووە هۆی ئەوەی سێڤین زۆرترین رەخنەی لێ بگرێت و دژایەتیی بکات و بە هەڵگەڕاوە لە بنەما سەرەکییەکانی خەباتی ئیی پارتی بیناسێنێت.
 
کاردانەوەی دەستلەکارکێشانەوەی کۆرای ئایدن، کە سەرباری ئەوەی ئەندامی دەستەی دامەزرێنەران بوو، جێگری سەرۆک و بەرپرسی رێکخستنەکانیش بوو؛ کەسایەتییەکی زۆر دیار و خۆشەویستی لای نەتەوە پەرستەکان بوو. تەنانەت پێش دەستلەکارکێشانەوەی، میدیای تورکیا باسیان لەوە دەکرد کە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە هەوڵ دەدات دووبارە قایلی بکات بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە نێو ریزەکانی مەهەپە. 
 
میدیای نزیک لە جەهەپە پێشبینی ئەوە دەکەن، دوای دەست لەکارکێشانەوەی کۆرای ئایدن، 10 - 15 پەرلەمانتاری دیکەی ئیی پارتی دەست لەکار بکێشنەوە و پەیوەندی بە جەهەپەوە بکەن.
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا ئیی پارتی تووشی شکستێکی گەورە بوو. ئەوەش بووە هۆی توڕەبوونی ئەندام و لایەنگرانی ئەو پارتە و زۆربەیان داوایان لە مەرال ئاکشنەر کرد، دەست لەکاربکێشێتەوە.
 
رۆژی 27ـی نیسانی 2024، ئیی پارتی پێنجەمین کۆنگرەی نائاسایی خۆی ئەنجام و لە گەڕی سێیەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی پارتەکە، موساڤات دەرویشئۆغڵو، بە سەرۆکی نوێی ئیی پارتی هەڵبژێردرا.
 
سەرباری بەڕێوەچوونی کۆنگرەکە و هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ، بەڵام کێشە نێوخۆییەکانی ئەم حیزبە نەتەوەپەرستە بەردەوامە.
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، ئیی پارتی تەنیا سەرۆکایەتیی شارەوانیی پارێزگای یۆزگاتی بردەوە و لە سەرانسەری تورکیادا یەک ملیۆن و 735 هەزار و 924 دەنگی بەدەستهێنا کە رێژەی دەنگەکانی 3.77٪ بوو.
 
ئەوە لەکاتێکدایە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا، کە لە رۆژی 14ـی ئایاری 2023 بەڕێوەچوو، ئەو پارتە 4 ملیۆن و 803 هەزار و 774 دەنگ کە دەیکردە رێژەی 9.68٪ـی دەنگەکانی بردەوە و خاوەن 42 کورسی پەرلەمان بوو. ئێستا خاوەنی 35 کورسی پەرلەمانە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا.

ئەردۆغان: خوایە نەمانخەیتە دەستی جەهەپە

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەی تووندی لە سەرۆکی جەهەپە گرت بەوەی گوایە لای ئەورووپا سکاڵای لە کەناڵ و تۆڕە میدیاییەکانی تورکیا کردووە.