کڵچدارئۆغڵو سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش دەکات

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پێشووی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە دەکات. 
 
کڵچدارئۆغڵو شەوی رابردوو لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیی راستەوخۆدا رایگەیاند، رۆژی سێشەممە 28ـی ئایار سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە و سەلچوک مزراکڵی، سەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانی ئامەد دەکات.
 
کڵچدارئۆغڵو گوتی "سەڵاحەدین ئەمڕۆ لە زینداندایە؛ ئەمە کارەساتێکی یاساییە." 
 
لە 20ـی ئاداری 2016 دوای ئەوەی بە دەنگی فراکسیۆنەکانی ئاکپارتی و مەهەپە و بەشێک لە پەرلەمانتارانی جەهەپە، مادەی 83ـی دەستووری تورکیا هەموارکرا کە تایبەتە بە لابردنی پارێزبەندیی پەرلەمانتاران، پارێزبەندی لەسەر 29 پەرلەمانتاری ئاکپارتی، 10 پەرلەمانتاری مەهەپە، 55 پەرلەمانتاری جەهەپە، 53 پەرلەمانتاری هەدەپە و پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ، هەڵگیرا. 
 
لەو 148 پەرلەمانتارەی پارێزبەندییان لەسەر هەڵگیرا، تەنیا مافی پەرلەمانتاریێتی لە پەرلەمانتارانی هەدەپە وەرگیرایەوە. 9 پەرلەمانتاری هەدەپە کە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی ئەو کاتەی پارتەکەشیان لەنێودابوو، خرانە زیندانەوە. 
 
دوای زیاتر لە سێ ساڵ دانیشتنی دادگە، دادگەی ئەنقەرە بڕیاری کۆتایی لە دۆسیەی کۆبانێ دا کە 108 سیاسەتڤانی کورد تێیدا دادگایی دەکران. 
 
سەڵاحەدین دەمیرتاش بە 42 ساڵ و فیگەن یوکسەکداغ بە 30 ساڵ؛ ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی گەورە شارەوانیی مێردینش بە 10 ساڵ زیندانیکردن سزا دران.