لە ئیستەنبووڵ هەفتەی نێودەوڵەتیی جلوبەرگی ئیسلامی بەڕێوەچوو

 
رووداو دیجیتاڵ

لە ئیستەنبووڵ هەفتەی نێودەوڵەتیی "مۆدەی بێگەرد"ە. نمایشێکی تایبەت بۆ جلوبەرگی ئیسلامی رێکخراوە. بۆ یەکەمجارە لە تورکیا ئەو هەفتەیە رێکدەخرێت.
 
سنین خاروب دیزاینەرێکی فەڵەستینیی خەڵکی رامەڵڵایە، خاوەنی براندی فەڵەستینیی سنین هاوت کۆتور-ە؛ 'لە خۆڵەوە بۆ رووناکی' دروشمی کۆمەڵە بەرهەمەکەیەتی، دەڵێت، "هەموو بەرهەمەکانم بە ئاڵای فەلەستین و ئەو جامانەیە دیزاین دەکەم کە لە ملمە، واتە بە نەخشی جامانە دیزاینیان دەکەم. زۆر دڵخۆشم کە بۆ یەکەمین جار لە هەفتە نمایشی مۆدێست بەشدارم."
 
ئۆزلەم شاهین ئەرتاش، رێکخەری هەفتەی مۆدەی مۆدێست لە ئیستەنبووڵ، ستایشی کارەکانی خاروب دەکات و دەڵێت، "بە وەرگرتنی ئیلهام لە ئەو، تەوەری ئەم ساڵمان خستەڕوو. ئێمە گوتمان (بانگەوازێکی مۆدەی ناوازە بۆ هاودەنگی). ویستمان هێما بۆ هێزی یەکگرتوویی مۆدە بکەین."
 
دیزاینەرانی ئەمریکا و چەند وڵاتێكی دیکە بەشداریی نمایشەکەیان کرد، کە لە رۆژانی 25 بۆ 27ی نیسان بەڕێوەچوو.
 
جوەیرا سەید، سەردانیکاری هەفتە نمایشەکە لە ئەمریکا دەڵێت، "بە بڕوای من ئەمە دەستپێشخەرییەکی زۆر باشە، خەڵک هاندەدات سەریان بپۆشن، جلی سادە و ساکار لەبەر بکەن. پێشاندانی پێست بە تەنیا، مۆدە نییە. بەڵکو خۆداپۆشین و شۆخبوونیش مۆدەیە."
 
بازاڕی "مۆدەی بێگەرد" رۆژ بە رۆژ گەشە دەکات، تورکیا گەورەترین بازاڕی ئەو جۆرە مۆدەیەیە لە جیهاندا. پێشوازی لە وڵاتانی دیکە دەکات بۆ ئەوەی لە رێگەی هەفتەی مۆدەی ئیستەنبووڵ مۆدێست ـەوە بە بازاڕی تورکیادا بگەڕێن.