رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاشکرای دەکات، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوکات و فراوانی هێزە ئەمنییەکان لە 13 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستاندا، دەستبەسەر 911 کگم مادەی هۆشبەردا گیراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی حوزەیرانی 2024، عەلی یەرلیکایا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، بەهاوئاهەنگیی هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر، هێزەکانی جەندرمە و ئاسایش ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاتیان لە 13 پارێزگای تورکیا (و باکووری کوردستان) لە دژی مادەی هۆشبەر و بازرگانەکانیان ئەنجامداوە.
بەهۆیەوە دەستبەسەر 911 کگم مادەی هۆشبەر، 10 ملیۆن و 995 هەزار بنەڕەگی کەنەڤر-سکونک و 13 هەزار حەبی کیپتاگۆن-دا گیراوە. هەروەها 83 کەسیشیان لە ئۆپەراسیۆنەکاندا دەستگیرکردووە.
یەرلیکایا باسی لەوەشکرد، ئۆپەراسیۆنەکە بە بەشداری 811 کارمەندی هێزە ئەمنییەکان ئەنجامدرا کە بەسەر 275 تیم دابەشکرابوون. هەروەها سێ هێلیکۆپتەر و 40 سەگی راهێنراو لە دۆزینەوەی مادەی هۆشبەردا بەشداربوون.
ئۆپەراسیۆنەکان لە پارێزگاکانی ئامەد، وان، خارپێت، چەولیگ و ئاگری باکووری کوردستان و لە پارێزگاکانی ئەنقەرە، عوسمانییە، ئیزمیر، کۆجائێلی، ئادانا، مەرسین، ئیستەنبووڵ، هاتای و بورسا-ی تورکیا ئەنجامدران.
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەشڵێت: "لەپاڵ مادە هۆشبەرەکاندا، ژمارەیەک چەکی بێمۆڵەتیش دەستیان بەسەرداگیرا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ