رووداو دیجیتاڵ
لە هەڵمەتێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دا لە ئیستەنبووڵ، 10 کەسی بیانیی بەتۆمەتی ئەندامبوون لە داعش دەستگیرکران.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیستەنبووڵ بڵاویکردەوە، تیمەکانی هۆبەی دژەتیرۆر لە ئاسایشی شارەکە، ئەمڕۆ پێنجشەممە (27ـی حوزەیرانی 2024)، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک گومانلێکراو کرد کە پەیوەندییان لەگەڵ رێکخراوی داعش هەبووە.
لەو چوارچێوەیەشدا تیمەکان بۆ دەستگیرکردنی ئەو گومانلێکراوانە کە بە "تیرۆریستی بیانی" ناویان بردوون، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ سەر 17 ناونیشان ئەنجامدا و 10 گومانلێکراویان دەستگیرکرد.
لە هەڵمەتەکەدا پشکنین لەم 17 ناونیشانەکەدا کرا، بەهۆیەوە دەستبەسەر ژمارەیەک بەڵگەنامەی دیجیتاڵی و نەخشە و چەندین ئامێری پەیوەندیکردن و چەکی بێمۆڵەتدا گیرا.
دوای هەڵمەتەکە، 10 گومانلێکراوەکە پشکنینی تەندروستییان بۆ کرا و بەمەبەستی لێکۆڵینەوە برانە بنکەی ئاسایش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ