رووداو دیجیتاڵ
بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 3.8 پلەی رێختەر لە دەریای مەڕمەڕە لەنزیک ناوچەی بویوک چەکمەجە لە ئیستەنبووڵ روویدا.
سهرۆكایهتیی بەڕێوەبردنی كارهسات و باری لهناكاوی تورکیا (ئافاد) بڵاویکردەوە، کاژێر 01:38 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئایاری 2024، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 3.8 پلەی رێختەر لە دەریای مەڕمەڕە لە سنووری ناوچەی بویوک چەکمەجە سەر بە ئیستەنبووڵ روویدا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئافاد، بوومەلەرزەکە بە قووڵایی 7.01 کیلۆمەتر بووە.
دەزگای ئافاد دەڵێت، لەدوای هەردوو بوومەلەرزە بەهێزەکەی رۆژی 6ی شوباتی ساڵی رابردووەوە 56 هەزار و 94 بوومەلەرزە و پاشلەرزە روویانداوە کە 14 یان 6 پلە و 91یان 5 پلە بوون.
شاری ئیستەنبووڵ بە شادەماری ئابووریی تورکیا دەناسرێت و 49.9٪ی کۆی هەناردەی کاڵای تورکیا پێکدەهێنێت و نزیکەی 17 ملیۆن کەس تێیدا دەژین.
لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەک شارەزا هۆشدارییان لە روودانی بوومەلەرزەی گەورە لە ئیستەنبووڵ داوە.
دکتۆر ناجی گۆرور، بوومەلەرزەناسی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس دەڵێت، ئەگەری روودانی بوومەلەرزەی بەهێز لە ئیستەنبووڵ هەیە و "بەهۆی بوومەلەرزەکەیشەوە 24 شار زیانی گەورەیان بەردەکەوێت."
ئەو بوومەلەرزەناسە دەشڵێت: "دەبێ هەمووان لەوە تێبگەن کە دەریای مەڕمەرە دەریای بوومەلەرزەیە و جموجووڵی بوومەلەرزە لە کڕۆکی زەوی ژێردەریادا زۆر کارایە."
دکتۆر جەلال شەنگور کە زانایەکی بەناوبانگی جیۆفیزیک و بوومەلەرزەزانی تورکیایە، رۆژی 10ـی ئەیلوولی 2023 لە بەرنامەیەکی راستەوخۆی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، بەهۆی ئەوەی روودانی بوومەلەرزەی بەهێز لە ئیستەنبووڵ زۆر نزیکە، ئیستەنبووڵی جێهێشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ