سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەست بە هەنگاوەکان بۆ دەستوورێکی نوێ دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەڵێت، دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، راستەوخۆ گفتوگۆی تایبەت بە هەبوونی دەستوورێكی نوێ لەگەڵ سەرجەم پارتە سیاسییەکان دەستپێدەکەن. ئاماژە بەوەش دەکات، پرۆسەی چارەسەری و گفتوگۆی تایبەت بە هەمواری دەستوور پێکەوە گرێ نەدراون.
نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دوێنێ ئێوارە لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرنووسەرانی دامەزراوە میدیاییەکان لە ئیستەنبووڵ کۆبووەوە.
لەبارەی ئامادەکردنی دەستوورێكی نوێ بۆ تورکیا کورتولموش گوتی، "لەڕاستیدا بابەتەکە لەسەر نووسینی دەق نییە. کارێکی لەو جۆرە رزگاربوونی تورکیایە لەم پێکهاتە دژە دیموکراسییە و ئەو رۆحەی کە کودەتای 12ی ئەیلوولی (1980) هێنای. زۆر گرنگە تورکیا دەستوورێکی دیموکراسی و گشتگیری هەبێت."
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بەوە دا، راستەوخۆ دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، پرۆسەیەکی دیکەش هەیە کە رەنگە ئاسانتر لە پرۆسەی هەبوونی دەستوور ئەنجام بەدەستبهێنێت و دەستی پێدەکەن، ئەویش ئامادەکردنی پەیڕەوێکی نوێی نێوخۆیە لە پەرلەمان.
کورتولموش گوتیشی، لە پەیڕەوی نێوخۆوە دەست پێدەکەن و پلانیان هەیە گفتوگۆ لەسەر هەبوونی پەیڕەوێکی نێوخۆ بکەن کە "ستانداردەکان بەرز بکاتەوە، کوالێتیی یاسادانان بەهێزتر بکات، کاریگەری و قورسایی پەرلەمان زیاد بکات، ئەوەش بە گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەو پارتانەی لە پەرلەماندا فراکسیۆنیان هەیە."
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەو هەنگاوەدا بەردەوام دەبن لە کارکردن لەسەر دەستوور.
کورتولموش بە ئاماژە بەوەی کە شەش فراکسیۆنی سیاسی و 14 پارتی سیاسی لە پەرلەماندا هەن، رایگەیاند، 95%ی دەنگدەران لە پەرلەمان نوێنەرایەتییان هەیە.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا وەڵامی ئەو پرسیارەیشی دایەوە کە ئایا چ گۆڕانکارییەک لە دەستووری نوێدا دەبێت و ئایا پرۆسەیەکی وەک "پرۆسەی چارەسەر" ئەنجام دەدرێتەوە.
کورتولموش بە ئاماژە بەوەی کە "پرۆسەی چارەسەری و گفتوگۆ دەستوورییەکان پێکەوە نەبەستراون" گوتی، "پێویستی دەستوورێکی نوێ روونە، بەڵام نابێت ئەو دوو پڕۆسەیە لەگەڵ یەک تێکەڵ بکرێن."
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بەوەدا، ناکۆکی لەنێوان لایەنە سیاسییەکان سەبارەت بە چوار مادەی یەکەمی دەستوور هەبووە و لەو گفتوگۆیانەدا ئەو چوار مادەیە ناخرێنە بەرنامەی کارەوە.