سێ هاوکاری لەیلا زانا لە پەرلەمانی تورکیا لەکارلادران
رووداو - ئەنقەرە
بههۆی سووربوونی لهیلا زانا، پەرلەمانتاری ئامەدی پارتی دیموکراتی گەلان له دووبارەنهكردنهوهی سوێندخواردنی یاسایی، راوێژكار و سكرتێر و فهرمانبهرێكی نووسینگهكهی لهلایهن پهرلهمانهوه لهكارلادران.
پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) بڕیارەکە بە سیاسی دادەنێت و دەڵێت، هیچ بنەمایەکی یاساییی بۆ بڕیارەکە نییە.
ئیمام تاشچیەر، پەرلەمانتاری هەدەپە بە رووداوی راگەیاند "تورکیا وەک هاووڵاتی خۆی لەو کەسانە ناڕوانێت کە کار لەگەڵ هەدەپە دەکەن، بڕیاری پەرلەمانیش دژی لەیلا زانا و هاوکارانی نەژادپەرستییە".
هاوکات پەرلەمانتارێکی پێشووی ئاکپارتیش کە مافناسە دەڵێت "بڕیارەکە یاسایی نییە" .
رۆژی 17-11-2015 دوای تێپەڕینی 24 ساڵ، جارێکی دیکەش لە پەرلەمانی توركیا، لەیلا زانا بەکوردی دەستی بە سوێندخواردنی یاسایی کرد و دەقی سوێندەکەی گۆڕی، بەو هۆیەوە سەرۆکی کاتی پەرلەمان داوای دووبارەکردنەوەی سوێندەکەی لێکرد، بەڵام زانا رەتیکردەوە.
لەیلا زانا، ئەندامی پەرلەمانی تورکیا لە بازنەی ئاگری لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی گەلان HDP، بەر لە گوتنی سوێندی یاسایی بە کوردی گوتی "بە ئومێدی ئاشتی" و پاشان دەستی بە سوێندخواردن کرد.
لە کۆتایی سوێندەکەشدا لەبری دەستەواژەی "گەلی تورک"، "گەلی تورکیا"ی بەکار هێنا. بەو هۆیەوە دەنیز بایکاڵ، سەرۆکی کاتی پەرلەمانی تورکیا داوای لە لەیلا زانا کرد سوێندەکە دووبارەبکاتەوە، بەڵام لەیلا زانا رەتیکردەوە.
لە سوێندە یاساییەکەی پەرلەمانی تورکیادا، دەگوترێت " لە بەردەم گەلی تورکی مەزندا" بەڵام لەیلا زانا گوتی" لە بەردەم گەلی تورکیای مەزندا"، ئەمەش گۆڕینی دەقی سوێندەکەیە و بەپێی دەستووری تورکیا سوێندخواردنەکەی لەیلا زانا پووچەڵدەکرێتەوە.
لەیلا زانا لە ساڵی 1991 دا بۆیەکەمجار لە مێژوی پەرلەمانی تورکیادا، لەکاتی سوێندخواردندا رستەیەکی کوردی گوت، ئەمەش پەرلەمانی تورکیای شێواند و مشتومڕێکی زۆری لێکەوتەوە، پاشان لەیلا زانایان بە دووبارەكردنەوەی سوێندخواردن ناچارکرد.