رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.4 پلەی رێختەر لە پارێزگای ئادانای تورکیا روویدا.
بەگوێرەی راگهیێندراوێكی سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد، کاژێر 01:01 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ هەینی، 26ـی کانوونی دووەمی 2024، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.4 پلەی رێختەر لە شارۆچكەی "سامی بەیلی" سەر بە پارێزگای ئادانای تورکیا روویداوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئافاد، بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 13.93 کیلۆمەتر تۆمارکراوە. تائێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانەکانی بوومەلەرزەکە بڵاونەکراوەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کاژێر 16:04 خولەکی ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، 25ـی کانوونی دووەم، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 5.2 پلەی رێختەر، لە شارۆچکەی بەتاڵگازی سەر بە پارێزگای مەڵەتی لە باکووری کوردستان روویدا و لە پارێزگاکانی دەوروبەر هەستی پێکرا.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، تیمەکانی دەزگای ئافاد لە تەواوی مەڵەتی بڵاوکراونەتەوە بۆ کۆکردنەوەی راپۆرتی تایبەت لەبارەی زیانە گیانی و مادیەکان.
بوومەلەرزەکەی ئادانا لە کاتێکدایە ئێوارەی دوێنێ لە پارێزگای مەڵەتی باکووری کوردستانیش بوومەلەرزەیەک روویدا کە گوڕەکەی 5.2 پلە بوو.
نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر لە 6ـی شوباتدا دوو بوومەلەرزە بە گوڕەکانی 7.7 و 7.6 لە دوو شارۆچکەی پارێزگای مەڕەش روویاند، بوومەلەرزەکان زیانیان بە هەشت پارێزگای باکووری کوردستان، سێ پارێزگای تورکیا و بەشێکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا گەیاند.
لە دوای ئەو دوو بوومەلەرزە گەورەیەوە تائێستا 44 هەزار و 369 پاشلەرزە روویانداوە، کە 14 پاشلەرزە 6 پلە و 78یان 5 پلە بووە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، بەهۆی بوومەلەرزەکانی شەشی شوباتی پارساڵ 50 هەزار و 500 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا و 6 هەزار کەس لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ