رووداو دیجیتاڵ
لە شارۆچكەی بایراکڵی لە پارێزگای ئیزمیری تورکیا لە رێستۆرانێکدا لە بەرامبەر دادگەی ئیزمیر، شەڕ لە نێوان دوو گرووپدا روویدا و کەسێک کوژرا و پێنجی دیکەش بریندار بوون.
رووداوەکە کاژێر 12:30 خولەکی ئەمڕۆ دووشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2023 روویدا. گرووپێک لە دەرەوە تەقەیان لە گرووپێکی دیکە کرد کە لە چێشتخانەیەکی بەرامبەر دادگە دانیشتبوون.
لە شەڕەکەدا کەسێک گیانی لەدەستدا و پێنجی دیکەش برینداربوون. بریندارەکان گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەکانی دەوروبەر.
شایەتحاڵێک بە ناوی گۆکهان یڵدرم گوتی: "من لە دادگا دەرچووبووم، لە نێوان دوو گرووپدا پێکدادان روویدا، زۆر ترساین. بۆ ئەوەی خۆم رزگار بکەم، چوومە ژێر ئۆتۆمبێلێک کە پارکی کردبوو، پێموابوو هێرشێكی تیرۆریستییە. بەداخەوە کەسانێک بریندار بوون."
تیمەکانی پۆلیسی ئیزمیر سێ کەسیان دەستبەسەرکرد و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە دەستپێکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ