هەدەپە دەیەوێت سەرنجی عەلەوییەکان بەلای خۆیدا راکێشێت

رووداو - ئەنقەرە

کۆمەڵەی عەلەوییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان هەڵوێستی خۆیان لەبارەی هەڵبژاردنی 24ـی حوزەیرانی تورکیا یەکلاکردەوە.

سەرۆکی فیدراسیۆنی عەلەوییەکان و کۆمەڵەی پیرسوڵتان بە رووداویان راگەیاند، لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری، عەلەوییەکان دەیانەوێت دەنگ بە موحەرەم ئینجە و سەڵاحەددین دەمیرتاش بدەن، بەڵام لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا، عەلەوییەکان دەیانەوێت دەنگ بە هەدەپە بدەن، تاوەکو بتوانێ بەندی 10% تێپەڕبکات.

لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی تورکیا کە بڕیارە رۆژی 24-6-2018 ئەنجام بدرێت، 11 لایەنی سیاسی تورکیا کێبڕکێ لەسەر 600 کورسی پەرلەمانی تورکیا دەکەن. 

لەلایەکی دیکەوە 22 پەرلەمانتاری ئاکپارتی خۆیان بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان بەربژێر ناکەن، لەنێویاندا دامەزرێنەرانی ئاکپارتی هەن. 

لەسەرەتای مانگی پێنج، دەرگای بەربژێربوون بۆ خولی داهاتووی پەرلەمانی تورکیا لەلایەن پارت و لایەنە سیاسییەکان کرایەوە. هەر یەک لە دامەزرێنەرانی ئاکپارتی وەک ئیسماعیل قارەمان، سەرۆکی پەرلەمان، عەلی باباجان، وەزیری پێشووتری ئابووری، بەشیر ئاتاڵای، وەزیری پێشووتری ناوخۆ، جەمیل چیچەک، جێگری پێشووتری سەرۆکوەزیران، لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆکوەزیرانی پێشوو و محەممەد موئەزینئۆغڵو وەزیری پێشووی ئەوقاف و کاروباری ئایینی خۆیان کاندید نەکردووە.