رووداو دیجیتاڵ
لە کۆی 14 دەستگیرکراوی پەیوەندیدار بە کەوتنەوەی ئاگری هۆتێلەکەی پارێزگای بۆڵوی تورکیاوە 9 کەسیان لە رۆژانی داهاتوودا دادگەیی دەکرێن.
ئەمڕۆ شەممە 25ی کانوونی دووەمی 2025، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە کەیسی کەوتنەوەی ئاگر لە هۆتێلەکەی پارێزگای بۆڵوی تورکیادا لە کۆی 14 دەستگیرکراوەکە 9 کەسیان بە بڕیاری دادوەری دادگەی سزاکانی بۆڵو دەستبەسەر کران بۆ ئەوەی لە رۆژانی داهاتوودا دادگەیی بکرێن.
بەگوێرەی بڕیاری دادگە، هەریەک لە خالید ئەرگون، خاوەنی هۆتێلەکە؛ ئەمیر ئاراس، بەڕێوەبەری پرۆژەی گەشتیاری هۆتێلەکە؛ زەکی یڵماز، بەڕێوەبەری هۆتێل؛ قادر ئۆزدەمیر، بەڕێوەبەری ژمێریاری؛ فەیسەڵ یاوەر، چێشتلێنەری نهۆمە گڕگرتووەکە؛ حوسێن ئۆزەر، کارەباچی؛ یوسف کاراهانلی، فیدان کورچ و محەممەد گوندوز کارمەندانی چێشتخانە دەستبەسەکران و دادگەیی دەکرێن.
رۆژی هەینی 24ی کانوونی دووەمی 2025 یڵماز تونج، وەزیری دادی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، ژمارەی دەستگیرکراوەکان پەیوەندیدار بە کەوتنەوەی ئاگر لە هۆتێلەکەی بەرزاییەکانی کارتاڵ کایا لە پارێزگای بۆڵو گەیشتوەتە 14 کەس.
وەزارەتی ژینگە و شارسازیی تورکیا لیژنەیەکی پێکهێنابوو تاوەکو پشکنین بۆ هۆتێلەکە بکرێت. لیژنەکە رۆژی پێنجشەممە راپۆرتی بەرزکردەوە کە تێیدا دەڵێت، پێویستە ئەو هۆتێلە بە تەواوی بڕووخێندرێت.
لیژنەکە پلەی "زۆر خراپ"ی بۆ باڵەخانەی هۆتێلەکە داناوە و بەگوێرەی بڕیاری پشکنەران، پێویستە ئەو هۆتێلە لەگەڵ زەوی تەخت بکرێت و دروستبکرێتەوە.
کاژێر 03:30ی بەرەبەیانی رۆژی 21ی کانوونی دووەمی 2025، ئاگر لە نهۆمی چوارەمی هۆتێلە 12 نهۆمییەکەی پارێزگای بۆڵوی تورکیا کەوتەوە و بەهۆیەوە 79 کەس گیانیان لەدەستدا و 51 کەس بریندار بوون.
هۆتێلەکە لە ناوەندی خلیسکێنەی سەر بەفری کارتاڵ کایایە کە دەکەوێتە سەر لووتکەی چیای کۆرۆغڵو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ