ئەردۆغان: ئەو هەنگاوانە جێبەجێ دەکەین کە دەبنەهۆی دابەزینی هەڵاوسان

24-01-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا لە بابەتی هەڵاوسان لە وڵاتەکەیدا دەڵێت، "ئەو هەنگاوانە جێبەجێ دەکەین کە دەبنەهۆی دابەزینی هەڵاوسان."
 
ئەمڕۆ هەینی 24ی کانوونی دووەمی 2025 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە هەشتەمین کۆنگرەی رێکخستنەکانی ئاکپارتی لە پارێزگای مەلەتێی باکووری کوردستان گوتارێکی پێشکێش کرد.
 
سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی هەڵاوسان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، "پێداگرانە ئەو هەنگاوانە جێبەجێ دەکەین کە دەبنەهۆی دابەزینی هەڵاوسان، کە وەکو هۆکاری سەرەکی کێشەکانی ئێستا دەیانبینین."
 
3ی کانوونی دووەمی 2025 دامەزراوەی ئاماری تورکیا رێژەی هەڵاوسانی ساڵانەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند 44.38%یە، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتی گرووپی لێکۆڵینەوەی هەڵاوسان (ENAG)، هەڵاوسان لەسەر ئاستی ساڵانە گەیشتووەتە 83.40%.
 
بەهۆی نزیکبوونەوەی یادی دوو ساڵەی بوومەلەرزەکەی 6ی شوبات کە 11 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیای گرتەوە، ئەردۆغان رایگەیاند، "لە کۆتایی ئەم ساڵدا 452 هەزار و 983 شوقە رادەستی هاووڵاتیانمان لە هەر 11 پارێزگاکە دەکەین."
 
ئەردۆغان راشیگەیاند، "کەس لەبیرناکرێت. هەر کەسێک زیانی بەرکەوتبێت، بە یەکەی نیشتەجێبوون و شوێنکارەوە قەرەبوو دەکرێتەوە. شارەکانمان لە جاران سەلامەتتر دەکەین و بەردەوام دەبین لەسەر کارکردن."
 
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 6ی شوباتی 2023 بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 7.7 پلەی رێختەر کە چەقەکەی مەرەش بوو 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 53 هەزار و 500 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزە گیانیان لەدەستدا و 107 هەزار 204 کەسی دیکە برینداربوون. بوومەلەرزەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 5 هەزار کەسیش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا و ژمارەیەکی بەرچاو لەوانیش لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بوون.
 
سەبارەت بە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی هۆتێلەکە لە پارێزگای بۆڵو، سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بە کارەکانی لێکۆڵینەوە رایگەیاند: ''بەدڵنیاییەوە ئەوانەی بەهۆی هەڵە و کەمتەرخەمییەکان ئەو ئازارە زۆرەیان بەسەر گەلەکەماندا هێنا، لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت". 
 
کاژێر 3:30ـی بەرەبەیانی رۆژی 21ـی کانوونی دووەمی 2025، بە هۆکارێكی نادیار ئاگر لە نهۆمی چوارەمی هۆتێلە 12 نهۆمییەکەی هۆتێلەکەی پارێزگای بۆڵو-ی تورکیا کەوتەوە و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا 79 کەس گیانیان لەدەستداوە، 51 کەس بریندار بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی ئاگرکوژێنەوەیەک لەکاتێکدا هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدات، وێنە: AA

لە بورسە هۆتێلێک گڕدەگرێت

ئاگر لە هۆتێلێکی ناوچەی ئوڵوداغی پارێزگای بورسە کەوتەوە و هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بەردەوامە. سەرۆکی گەورەشارەوانیی بورسە دەڵێت کەسێک گیانی لەدەستداوە.