ژمارەی دەستگیرکراوان بەهۆی ئاگرەکەی بۆڵوی تورکیاوە بۆ 14 کەس بەرزبووەوە

24-01-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی هۆتێلەکەی پارێزگای بۆڵوی تورکیا، دوو کەسی دیکە دەستگیرکران و بەو جۆرەش ژمارەی دەستگیرکراوان گەیشتە 14 کەس.
 
ئەمڕۆ هەینی 24ی کانوونی دووەمی 2025 یڵماز تونج، وەزیری دادی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، ژمارەی دەستگیرکراوەکان پەیوەندیدار بە کەوتنەوەی ئاگر لە هۆتێلەکەی بەرزاییەکانی کارتاڵ کایا لە پارێزگای بۆڵو گەیشتە 14 کەس.
 
یڵماز تونج گوتیشی، دوای کەوتنەوەی ئاگرەکە شەش داواکاری گشتیی کۆماری راسپێردران بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە.
 
خالید و ئەمینە ئەرگون، خاوەنەکانی هۆتێلەکە؛ ئەحمەد دەمیر، بەڕێوەبەری گشتیی هۆتێلەکە؛ ئەمیر ئاراس، بەڕێوەبەری پرۆژەی گەشتیاری هۆتێلەکە؛ سیدات گولەنلەر، یاریدەدەری سەرۆکی شارەوانی و کێنان جۆشکون، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی بۆڵو بە وەکالەت لەنێو دەستگیرکراوەکاندان.
 
تونج باسی لەوەش کرد، بەمنزیکانە هۆکاری سەرەکیی کەوتنەوەی ئاگرەکە دەزانرێت و بۆ رای گشتیی ئاشکرا دەکەن. ئاماژەی بەوەش کرد، "هەر کەسێک بەرپرسیار و کەمتەرخەم بێت لەم رووداوە تراژیدیایەدا، سزا دەدرێت."
 
وەزارەتی ژینگە و شارسازیی تورکیا لیژنەیەکی پێکهێنابوو تاوەکو پشکنین بۆ هۆتێلەکە بکرێت. لیژنەکە رۆژی پێنجشەممە راپۆرتی بەرزکردەوە کە تێیدا بە "پێویست زانراوە" ئەو هۆتێلە بە تەواوی بڕووخێندرێت.
 
لیژنەکە پلەی "زۆر خراپ"ی بۆ باڵەخانەی هۆتێلەکە داناوە و بەگوێرەی بڕیاری پشکنەران، پێویستە ئەو هۆتێلە لەگەڵ زەوی تەخت بکرێت و دووبارە دروستبکرێتەوە.
 
کاژێر 03:30ی بەرەبەیانی رۆژی 21ی کانوونی دووەمی 2025، ئاگر لە نهۆمی چوارەمی هۆتێلە 12 نهۆمییەکەی پارێزگای بۆڵوی تورکیا کەوتەوە و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا 79 کەس گیانیان لەدەستداوە و 51 کەس بریندار بوون.
 
هۆتێلەکە لە ناوەندی خلیسکێنەی سەر بەفری کارتاڵ کایایە کە دەکەوێتە سەر لووتکەی چیای کۆرۆغڵو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی ئاگرکوژێنەوەیەک لەکاتێکدا هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدات، وێنە: AA

لە بورسە هۆتێلێک گڕدەگرێت

ئاگر لە هۆتێلێکی ناوچەی ئوڵوداغی پارێزگای بورسە کەوتەوە و هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بەردەوامە. سەرۆکی گەورەشارەوانیی بورسە دەڵێت کەسێک گیانی لەدەستداوە.