تورکیا: نابێت دەستکاری ئەو پێکهاتە دیمۆگرافییە بکرێت کە بە درێژایی مێژوو لە کەرکووک دروستبووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت، "چوون"ی هاونیشتمانییان بۆ کەرکووک بۆ سەرژمێری، نیگەرانیی تورکمان و عەرەبی لێکەوتووەتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "نابێت دەستکاری ئەو پێکهاتە دیمۆگرافییە بکرێت بە درێژایی مێژوو لە کەرکووک دروستبووە". 
 
بەیانی ئەمڕۆ شەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2024، ئۆنجو کەچەلی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لە نووسینێکدا لەبارەی گەڕانەوەی هاونیشتمانییان بۆ کەرکووک بۆ بەشداریکردن لە سەرژمێری رایگەیاند، "ھەرچەندە لەم سەرژمێریيەدا زانیاری سەبارەت بە نەتەوە نەنووسراوە، بەڵام ئەو جووڵە چڕوپڕەی هاووڵاتییان بووە جێی نیگەرانیی رەوای تورکمان و عەرەبی عێراق".
 
ئۆنجو کەچەلی ئاماژەی بەوە کرد کە "تورکیا بە سەرجەم دامودەزگاکانیانەوە لەپاڵ تورکمانی عێراقدایە و چاودێری ماف و بەرژەوەندییەکانیان دەکەین. لەم چوارچێوەیەشدا ئارامی و ئاسایشی تورکمانە هاونەتەوەکانمان كە بونیاتنەری پردی دۆستایەتین لەنێوان عێراق و تورکیا و ژمارەیەکی زۆری دانیشتووی کەرکووکن"، بەلایانەوە بایەخی هەیە. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت،"لە نزیکەوە چاودێری ئەو پێشھاتەمان کردووە کە رەنگدانەوەی رای گشتی لە گواستنەوەی کوردەکان لە ھەرێمی کوردی عێراقەوە بۆ ئەو پرۆسەیە لێکەوتەوە"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، "هەرچەندە لەم سەرژمێرییەدا زانیاری سەبارەت بە نەتەوە نەنووسراوە، بەڵام ئەو جووڵە چڕوپڕەی هاووڵاتییان بووە مایەی نیگەرانیی رەوای تورکمان و عەرەبی عێراق".
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا باس لەوە دەکات، ئەو کارە کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دەبێت و دەنووسێت، "چاوەڕوانییەکانمان لە دەسەڵاتدارانی عێراق ئەوەیە رێگە نەدەن تورکمانە هاونەتەوەکانمان کە لە 100 ساڵی رابردوودا رووبەڕووی کۆمەڵکوژی و چەوساندنەوەی بێشومار بوونەتەوە، جارێکی دیکە بەهۆی ئەم دوایین پێشهاتانەوە لە چوارچێوەی سەرژمێریدا ببنە قوربانی و ستەمیان لێ بکرێت." 
 
لە بەشی کۆتایی پەیامەکەیدا نوسراوە، "چاوەڕوانی و هەستیارییە بنچینەییەکانی ئێمە لە کەرکووک ئەوەیە، نابێت دەستکاری ئەو پێکهاتە دیمۆگرافییە بکرێت کە بە درێژایی مێژوو لە پارێزگاکەدا دروستبووە و گرنگە خەڵکی کەرکووک بەردەوام بن لە ژیان بەو شێوەیەی کە نەتەوە رەسەنەکانی پارێزگاکە لەسەری رێککەوتوون." 
 
ئەم گوتەیەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە کاتێکدایە، ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییانی خەڵکی کەرکووک بۆ بەشداریکردن لە سەرژمێری 20، 21 و 22ی ئەم مانگە گەڕانەوە کەرکووک. ئەو هاونیشتمانییانە هەموویان دۆکیومێنتیان هەیە کە خەڵکی کەرکووکن و لە چەندین دەیەی رابروودا بەهۆی سیاسەتی بەعەرەبکردن و هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و رووداوی دیکەوە لە کەرکووک نەمابوون.