وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا: دەستم لەکار نەکێشاوەتەوە

23-08-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوو رۆژە، بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستلەکارکێشانەوەی محەممەد شیمشەک، وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا، بووەتە رۆژەڤی گەرمی تورکیا. شیمشەک، هەواڵەکەی رەتکردەوە و رایگەیاند، دەستی لەکار نەکێشاوەتەوە. 
 
بەشێک لە میدیای تورکیا بەگشتیی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەتی لە دوو رۆژی رابردوودا، هەواڵی دەستلەکارکێشانەوەی محەممەد شیمشەک، وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیایان بڵاوکردەوە. باس لەوە کراوە، وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا ناڕازییە لە دەستوەردانە بەردەوامەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە کاروباری دارایی و ئابووریی تورکیا و رێکاری هەڵە دەگرێتەبەر و بەهۆیەوە شیمشەک دەستی لەکار کێشاوەتەوە. 
 
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ئاکپارتی دا، دەنگی ناڕەزایی زۆر لە دژی رێکارە دارایی و ئابوورییەکانی محەممەد شیمشەک بەرزبووەتەوە و بە ئەردۆغانیان راگەیاندووە، ناتوانێت دۆخی ئابووری چارەسەر بکات، داوای دوورخستنەوەیان کردووە لە پۆستەکەی. 
 
لەمبارەیەوە، رۆژی 22ـی مانگ، وەزارەتی گەنجینە و دارایی تورکیا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و هەواڵی دەستلەکارکێشانەوە و ناکۆکییەکانی محەممەد شیمشەک رەتکردەوە.   
 
ئەمڕۆش محەممەد شیمشەک، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "وا دیارە، راگەیێندراوە فەرمییەکە پەیامی خۆی نەگەیاندووە، با لێرە لە هەژماری خۆمەوە روونکردنەوە بدەم. دەستم لەکار نەکێشاوەتەوە و هەموو ئەو چیرۆک و سیناریۆیانەی باس دەکرێن، دوورە لە راستی."
 
محەممەد شیمشەک، ئەوەشی خستەڕوو کە پرسی ئابووریی تورکیا خۆی بە تەنیا بڕیاری لەبارەیەوە نادات، بەپێچەوانەوە تیمێکی گەورە کاری بۆ دەکات و خۆی سەرپەرشتییان دەکات و نوسیوویەتی: "بەرپرسیارێتییەکی زۆر سەخت و هەستیارە. هەموو رۆژ هەوڵەکانمان چڕ دەکەینەوە بۆ ئەوەی دۆخی ئابووری بەرەو باشتر ببەین." 
 
وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا راشیگەیاند، پرۆسەی سەقامگیریی دارایی و ئابووری و چاکسازییەکان بەپێی ئەو پلانە فرەرەهەندییەی دامانڕشتووە زۆر بە سەرکەوتوویی قۆناخ بە قۆناخ هەنگاو بەرەو باشتر دەنێت. هەندێک بابەت هەن پێویستیان بە کاتە و هەندێکیشان دەسبەجێ رەنگدانەوە و کاریگەرییەکانیان دەردەکەوێت. 
 
لە روونکردنەوەکەیدا محەممەد شیمشەک دەڵێت: "سەرۆککۆمار هەمیشە پشتیوانمە و بەردەوام لە خەمی باشترکردنی ئابووری تورکیایە و لە مێزی گفتوگۆکاندا پاڵپشتیی لە بیرۆکە و پلانەکانم دەکات. بۆیە داوا لە گەلی خۆشەویستمان دەکەم، باوەڕ بە سیناریۆی پڕوپوچ و نابەجێ نەکەن، تکایە با فریوتان نەدەن." 
 
محەممەد شیمشەک لە 1967 لە ئێلیهی باکووری کوردستان لەدایکبووە و بە رەچەڵەک کوردە. لە ساڵی 1988 بەشی ئابووری لە زانکۆی ئەنقەرە تەواوکردووە. لە ساڵی 2007 بووە پەرلەمانتاری ئاکپارتی و لە هەمان ساڵدا کرایە وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ئابووری.
 
شیمشەک لە ساڵی 2009 پۆستی وەزیری دارایی تورکیای وەرگرت و لە ساڵی 2011 دابووەوە پەرلەمانتاری ئاکپارتی. دواتر لە ساڵی 2015 کرایە یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی تورکیا. 
 
سیاسەتڤانە کوردەکە زمانەکانی کوردی، تورکی و ئینگلیزی دەزانێت و وڵاتینامەی بەریتانیاشی هەیە. لە 3-6-2023 کرایە وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی ئاگرکوژێنەوەیەک لەکاتێکدا هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدات، وێنە: AA

لە بورسە هۆتێلێک گڕدەگرێت

ئاگر لە هۆتێلێکی ناوچەی ئوڵوداغی پارێزگای بورسە کەوتەوە و هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بەردەوامە. سەرۆکی گەورەشارەوانیی بورسە دەڵێت کەسێک گیانی لەدەستداوە.