رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتاری ئەرزەڕۆمی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا دەڵێت "دۆسیەی کۆبانێ پیلانگێڕی ئاکەپە بووە و لەسەر بنەمای درۆ داڕێژراوە" دەشڵێت، تەواوی سیاسەتڤانە سزادراوەکانی کورد تۆمەتی هاندان بۆ تووندوتیژییان خراوەتە پاڵ: "ئەرێ پێم بڵێن، لە کوێ هانی تووندوتیژی دراوە؟"
ئێوارەی چوارشەممە (22ـی ئایاری 2024) لەسەر بابەتی پرۆسەی دادگەییکردن لە دۆسیەی کۆبانێ، مشتومڕی تووند لەنێوان پەرلەمانتارانی ئاکپارتی و دەم پارتی روویدا. مەرال دانیش بێشتاش، پەرلەمانتاری ئەرزەڕۆمی فراکسیۆنی دەم پارتی لە وەڵامی فراکسیۆنی ئاکپارتیدا کە بەرگرییان لە پرۆسەی دادگەییکردنەکە کردبوو، گوتارێکی پێشکێش کرد.
بێشتاش رایگەیاند، رۆژی 25ـی کانوونی دووەمی 2015، ئەحمەد داودئۆغڵو ''لە کۆنگرەی لقی رێکخستنەکانی ئاکەپە'' لە ئامەد گوتبووی "کۆبانێ بۆ ئێمە ئەمانەتێکی مێژووییە، سڵاویان لێ بێت، نێوچەوانیان ماچ دەکەم."
باسی لەوەشکرد، لەو کاتەی داودئۆغڵو سەرۆکوەزیران بوو، ساڵح موسلیم چەند جارێک سەردانی تورکیای کرد. ئاسیا عەبدوڵڵاـش هاتە تورکیا. "تەنانەت ئاسیا عەبدوڵڵا لەم پەرلەمانە دانیشت و بەشداریی لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی هەدەپە کردبوو." گوتی "جگە لە قەتەر کەس پەیەدەی بە رێکخراوی تیرۆریستی نەناساندووە. ئێمەش رەواییمان بە کەس نەداوە، رەوا بێت بە رەوا دەیناسێنین و رەواش نەبێت بە ناڕەوا ناوی دەبەین. ئێمە وەک ئێوە هەڵوێستەکانمان بە بەڵام و رەنگە و ئەگەر نییە، هەڵوێستمان روونە."
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی، رەخنەی تووندی لە پەرلەمانتارانی ئاکپارتی گرت و گوتی "ئەرێ پێمناڵێن هاندان بۆ تووندوتیژی لە کوێوە هات؟ بە هاونیشتمانیانی تورکیا دەڵێم 'لەوێ هاندان بۆ تووندوتیژی نەبووە' دەسەڵاتی ئاکەپە سیناریۆی هاندان بۆ تووندوتیژی داڕشتووە بۆ ئەوەی سزای سیاسەتڤانانمان بدات. ئەو رق و کینەیەی ئاکەپە لە دژی کورد هەیەتی، ئەمجارە هەناردەی کۆبانێی کرد. ئاکەپە مەبەستی بوو گەلی کورد و گەلانی دیکە بە دەستی داعش لە کۆبانێ کۆمەڵکوژ بکرێن. بەڵام ئێوە تۆڵەی داعش دەکەنەوە کە نەیتوانی گەلی کورد بکوژێت. مێژووی ئێوە پڕە لەم جۆرە هەڵوێستە دژبەرانەوە. ئەم جۆرە رەفتارەمان لەگەڵدا مەکەن، ئەم جۆرە رەفتارانە مەکەن. چیدی بەناوی سیاسەتەوە درۆ مەکەن. لەسەر بنەمای درۆ، پیلانگێڕی دۆسیەی کۆبانێتان داڕشت و سیاسەتڤانانی کوردتان سزادا."
دوای 84 دانیشتنی پرۆسەی دادگەییکردن لە دۆسیەی کۆبانێ، دەستەی دادوەرانی 22ـەمین دادگەی سزا قورسەکانی سینجان لە ئەنقەرە، رۆژی 16ـی ئایاری 2024، سەلاحەدین دەمیرتاش و بەشێک لە هاوڕێیەکانی بە دەیان ساڵ زیندانیکردن، سزادا.
رووداوەکانی کۆبانێ لە رۆژانی 6-8ـی تشرینی یەکەمی 2014 روویاندا. دوای ئەوەی داعش لە ساڵی 2014 هێرشی کردە سەر کۆبانێ، هەدەپە و ژمارەیەک لە پارتە کوردییەکانی دیکەی باکووری کوردستان داوایان لە حکومەتی ئەو کاتەی تورکیا کرد رێگە بە ناردنی چەک و هاوکاریی دیکەی سەربازی لە تورکیاوە بۆ شەڕڤانان بدات، بەڵام ئەنقەرە رەتیکردەوە.
لە چەند شارێکی باکووری کوردستان خۆپێشاندان دەستیپێکرد، حکومەتیش بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند. گرژییەکان زیادبوون و لە ئەنجامدا 46 سڤیل و پۆلیس کوژران، 682 کەس لە خۆپێشاندەران و پۆلیس بریندار بوون، 323 کەس دەستگیرکران و هەزار و 113 باڵەخانە سووتێنران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ