سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ هەولێر و بەغدا لە رۆژنامەکانی تورکیادا
رووداو دیجیتاڵ
سەردانە یەک رۆژییەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە رۆژنامەکانی تورکیا دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.
رۆژنامەی یەنی بیرلیکی تورکی، پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کردووەتە مانشێتی خۆی، کە دەڵێت، "خۆشحاڵم بە پێشوازیکردنی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە هەولێر."
رۆژنامەکە نووسیویەتی، بەهۆی سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا؛ ئاڵای تورکیا لە شەقام و کۆڵانەکانی بەغدا و هەولێر هەڵواسران.
تورکیا: لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ عێراق
ئەم رۆژنامەیە بە بایەخەوە باس لە سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق دەکات و دەڵێت، سەردانەکە دەرگایەکی نوێی بەڕووی تورکیادا واڵا کرد. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، وێستگەی دووەمی سەردانەکە هەولێر بووە و نووسیویەتی، "ئەردۆغان لە بەغدا پرۆژەی گەشەپێدانی واژۆ کرد و لە هەولێر پەیامی گرنگی دا."
رۆژنامەی حوڕییەت: واژۆ کرا کە پەکەکە لەسەر رۆیشتنە
ئەمە سەردێڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی حوڕییەتی تورکییە، باس لە واژۆکردنی 26 رێککەوتنی نێوان سوودانی و ئەردۆغان دەکات و دەڵێت، "بۆ راگواستنی پەکەکە لە خاکی عێراق، پەنجە بە دوگمەدا نرا."
رۆژنامەی سەباح: رێگەی ئاوریشمیی نوێ بە بڕی 25 ملیار دۆلار
ئەمە سەردێڕی رۆژنامەی سەباحی تورکییە، رۆژنامەکە بە هەمان شێوە باسی رێککەوتنەکانی نێوان تورکیا و عێراقی کردووە، کە لە سەردانەکەی ئەردۆغان لە بەغدا واژۆ کراون و دەڵێت، پرۆژەی گەشەپێدان هەم سوودێکی زۆری بۆ ئابووریی تورکیا دەبێت و هەم پێگەی ستراتیجیی ئەو وڵاتە لە ناوچەکەدا بەهێز دەکات.
ئەو رۆژنامەیە دەڵێت، قۆناخێكی نوێ لەگەڵ عێراق دەستیپێکردووە و "پەکەکە لەو وڵاتە دەسڕدرێتەوە."
یەنی شەفەق: خاڵی وەرچەرخان
ئەمە سەردێڕی رۆژنامەی یەنی شەفەقی تورکییە. سەردانەکە بە "خاڵی وەرچەرخان" وەسف دەکات و دەڵێت، ئەو رێککەتننامانەی لە کاتی سەردانەکەدا واژۆ کران، دەبنە خاڵی وەرچەرخان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
رۆژنامەی میللییەت: پەکەکە لە عێراق دەسڕدرێتەوە
رۆژنامەکە ئاماژەی بە گوتەیەکی ئەردۆغان کردووە، کە دەڵێت، "باسمان لەو هەنگاوە هاوبەشانە کرد کە دەتوانین بیگرینەبەر بەرامبەر بە پەکەکە و درێژەپێدەرەکانی، کە لە عێراقەوە تورکیا دەکاتە ئامانج."
رۆژنامەی ئاکشام: ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە دژی پەکەکە
رۆژنامەکە دەڵێت، "لە یەکەم سەردانی سەرۆک ئەردۆغان دوای 13 ساڵ بۆ بەغدا، بۆ پاککردنەوەی پەکەکە لە عێراق رێککەوتن."