رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی هۆتێلەکەی پارێزگای بۆڵو-ی تورکیا، کەسێکی دیکەش دەستگیرکرا. ژمارەی دەستگیرکراوەکان گەیشتە 12 کەس.
ئەمشەو 23ـی کانوونی دووەمی 2025، یڵماز تونج، وەزیری دادی تورکیا لەبارەی سووتانی هۆتێلەکەی سەیرانگەی کارتاڵ کایا لە پارێزگای بۆڵو رایگەیاند، شەش داواکاری گشتیی کۆماری راسپێردراون بۆ درێژەدان بە لێکۆڵینەوەکان. ئەمڕۆ کەسێکی دیکەش دەستگیرکرا و بەمەش ژمارەیان گەیشتە 12 کەس.
هەریەک لە خالید و ئەمینە ئەرگون خاوەنەکانی هۆتێلەکە، ئەحمەد دەمیر بەڕێوەبەری گشتیی هۆتێلەکە، ئەمیر ئاراس بەڕێوەبەری پرۆژەی گەشتیاری هۆتێلەکە، سێدات گولەنلەر، یاریدەدەری سەرۆکی شارەوانیی و کێنان جۆشکون، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی بۆڵو بەوەکالەت، لەنێو دەستگیرکراوەکاندان.
یڵماز تونج راشیگەیاند، سەرۆککۆماری تورکیا لە نزیکەوە چاودێری لێکۆڵینەوەکە دەکات و بەردەوام لە نوێترین پێشهات ئاگادار دەکرێتەوە.
باسی لەوەشکرد، راپۆرتی بەردەوامیان پێ دەگات و گرتەی ڤیدیۆیی ناوەوە و دەرەوەی هۆتێلەکەش لەژێر دەستی تیمی لێکۆڵینەوەدایە و بەمنزیکانە هۆکاری سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەکە دەزانرێت و بۆ رای گشتیی ئاشکرا دەکرێن. گوتیشی: "هەر کەسێک بەرپرسیار بێت و کەمتەرخەم بێت لەم رووداوە تراژیدیایەدا، سزا دەدرێت."
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی ژینگە و شارسازیی تورکیا لیژنەیەکی تایبەتیی پێکهێنا، تاوەکو پشکنین بۆ هۆتێلەکە بکەن. دوای دوو رۆژ لە پشکنین و بەدواداچوون، لیژنەکە راپۆرتی بەرزکردەوە کە تێیدا بە "پێویست زانراوە" ئەو هۆتێلە بە تەواوی بڕووخێندرێت. هاوکات لیژنەکە ماوەیەکی دیاریکردووە بۆ تانەگرتن و دووبارە پێداچوونەوە بە بڕیارەکە.
لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە هوتێلەکە جگە لەوەی "زیانی زۆر"ـی بەرکەوتووە، ناتوانرێت جارێکی دیکە بەمشێوەیە بەکاربهێنرێت و تێیدا پێشوازی لە میوانان بکرێت.
لیژنەکە پلەی "زۆر خراپ"ـی بۆ باڵەخانەی هۆتێلەکە داناوە و بە گوێرەی بڕیاری پشکنەران، پێویستە ئەو هۆتێلە لەگەڵ زەوی تەخت بکرێت و دووبارە بنیات بنرێتەوە.
جگە لەوەی زیانی بەرکەوتووە، بەشێکی زۆری ئەو هۆتێلە لە تەختەیە، لەکاتێکدا هیچ بنکەیەکی ئاگرکوژێنەرەوە لە ناوچەکەدا نییە. جگە لەو هۆتێلە پێنج هۆتێلی دیکە لەو ناوچە گەشتیارییەی بۆڵو هەیە، کە ئاگر بگرن، تیمەکانی بەرگریی شارستانی بە ماوەی زیاتر لە 30 خولەک دەگەن.
کاژێر 3:30ـی بەرەبەیانی رۆژی 21ـی کانوونی دووەمی 2025، بە هۆکارێكی نادیار ئاگر لە نهۆمی چوارەمی هۆتێلە 12 نهۆمییەکەی پارێزگای بۆڵوی تورکیا کەوتەوە و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا 79 کەس گیانیان لەدەستداوە. 51 کەس بریندار بوون کە 11ـیان لە نەخۆشخانەدا ماونەتەوە و دۆخی تەندروستیی یەکێکیان ناجێگیرە.
هۆتێلەکە لە ناوەندی خلیسکێنەی سەر بەفری کارتاڵکایایە، کە دەکەوێتە سەر لووتکەی چیای کۆرۆغڵو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ