کەشتی ئوروچ رەئیسی تورکیا گەڕایەوە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست
رووداو دیجیتاڵ
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، کەشتیی ئوروچ رەئیس تایبەت بە پشکنین و گەڕان بەدوای سەرچاوەی وزەدا، دوای چەند رۆژ مانەوە لە بەندەری ئەنتاڵیا گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست. ئەمەش لەکاتێکدایە وەزارەتی دەرەوەی یۆنان رایگەیاندووە لەگەڵ تورکیا لە ئیستانبووڵ کۆدەبنەوە، بەبێ ئەوەی رۆژی کۆبوونەوەکە ئاشکرابکات.
ئەو کەشتییە لە 13ی ئەم مانگە بە مەبەستی چاککردنەوە و پشکنینی، گەڕێندرایەوە بەندەری ئەنتاڵیا، ئەوکاتەش رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، گەڕانەوەی کەشتییەکە دەرفەتێکە بۆ دروستبوونی گفتوگۆی دیپلۆماسی لەگەڵ یۆنان و قوبرس؛ بەڵام دوای زیاتر لە هەفتەیەک کەشتییەکە بەرەو رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست جوڵەی پێ کراوە.
گەڕانەوەی کەشتییەکەش لەکاتێکدایە کە قوبرس و یۆنان بەردەوامن لە گوشارەکانیان بۆسەر وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بۆئەوەی سزا بەسەر تورکیادا بسەپێنن، چونکە بەلای ئەوانەوە کەشتییە تورکییەکە لە سنوورە ئاوییەکانی قوبرس و یۆنان کاردەکات و ئەمەش پێشێلی یاسا نیودەوڵەتییەکانە.
یەکێتیی ئەوروپا دەیەوێت رێگە لە تەشەنەسەندنی گرژییەکانی یۆنان و تورکیا بگرێت، چونکە ئەو دوو وڵاتە مێژوییەکیان لە رووبەرووبوونەوە و ئاڵۆزی هەیە؛ ئەڵمانیاش سەرکردایەتی ئەو هەوڵە دەکات.
لە نوێترین هەڵوێستیدا، ئەڵمانیا داوای لە یۆنان کردووە، هێزە سەربازییەکانی لەنزیک سنوورەکانی تورکیا بکشێنێتەوە، میدیاکانی یۆنانیش ئەوە بە "جێگای سەرسوڕمان" ناودەبەن.
بڕیارە لە کۆبوونەوەی لووتکەی یەکێتیی ئەوروپادا لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینیی داهاتوو لە برۆکسل، تاوتوێی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بکرێت، چاوەڕێش دەکرێت پرسی سزادانی تورکیا لەو کۆبوونەوەیەدا بخرێتە بەر باس.