گەڕەکە دێرینەکانی ئانتاکیا لە هاتایی تورکیا نۆژەن دەکرێنەوە

22-07-2023
هەوار ئیسماعیل
گەڕەکی ئانتاکیا
گەڕەکی ئانتاکیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شارۆچکەی ئانتاکیای کە گەورەترین شارۆچکەی پارێزگای هاتایە لە تورکیا و لە ناوەندی پارێزگاکە هەڵکەوتووە، یەکێکە لەو ناوچانەی لە بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی شەشی شوباتی ئەمساڵ پشکی گەورەی زیانەکانی بەرکەوت. بوومەلەرزەکە ژمارەیەکی زۆری گەڕەکەکانی ئانتاکیای تەختی زەوی کرد، بەڵام بەشێک لە گەڕەکە دێرینەکانی بەهۆی بەهێزیی ستوونەکانیانەوە، هێشتا لەسەرپێ ماون.     
 
گۆکهان ئەرگین، یەکێکە لەو تەلارسازانەی کە پێشتر زۆربەی باڵەخانەکانی شارۆچکەکەی نۆژەنکردووەتەوە. گۆکهان ئەرگین دەڵێت، "وەک چۆن کاتێک کارێکی هونەری دەدۆزیتەوە و تۆماری دەکەیت بۆ ئەوەی لە مۆزەخانەیەکدا بیپارێزیت، لێرەش وەک میراتێکی کولتووری نەگۆڕ دەبێت هەمان کار بکەین. پێموایە ئەم باڵەخانانە بە هەمانشێوە گرنگن، چونکە تەنیا خۆڵ و بەرد نین، ئەمە مێژوویەکی زیندووە کە دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران و دەیان هەزار ساڵ لەمەوبەر."
 
خەڵکی ناوچەکە داوا لە تیمەکان دەکەن لە کاتی کارکردندا بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ شوێنە مێژووییەکان بکەن. 
 
وەحید باقلەجی، دانیشتووی ئانتاکیا گوتی، "ئانتاکیا مێژوویەکی دەیان هەزار ساڵەی هەیە. ئانتاکیا زۆر بەهادارە. بڕوانە دوو مزگەوتی مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ئیسلام، هەردووکیان وێران بوون. دوو کڵێسای کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عیسا، وێران بوون. دەتوانن بزانن ئەم کارەساتە چەندە جددییە. هەر بۆیە دەبێت ئاگاداری ئەم شوێنانە بن."
 
پێش ئەو کارەساتە وەزارەتی رۆشنبیریی تورکیا لەو شارۆچکەیە 719 باڵەخانەی گرنگی مێژوویی خستبووە لیستی کولتوورییەوە، بەڵام ژمارەیان لەوە زیاترە و بەشێکیان تۆمارنەکراون. 
 
ئومێد ئاڵماچ، پرۆفیسۆر لە بەشی تەلارسازی دەڵێت، "کێشەی سەرەکی، پێموایە ئەوەیە کە لەم هەرێمەدا باڵەخانەیەکی زۆرمان هەیە تۆمار نەکراون، لە کاتێکدا بەهای مێژوویی و تەلارسازییان هەیە. ئەوە یەکێکە لە پرسەکان. لە رووی یاساییەوە گرنگە، چونکە ئەگەر باڵەخانەیەک تۆمارکراو بێت، پێویستە بەڵگەنامەی بۆ بکەین. مەبەستم ئەوەیە، ناتوانیت بە ئاسانی بیبەیتە دەرەوە و لای ببەیت".
 
بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی مەڕەش زیانی زۆری بە هەشت پارێزگای باکووری کوردستان و سێ پارێزگای تورکیا گەیاند، بووە هۆی رووخانی چەندین شوێنەوار.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە