رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی ئاکپارتی، کە هەڕەشەی لە سێ رۆژنامەڤانان کردبوو، بە بژاردنی یەک هەزار و 380 لیرە سزا درا، کە دەکاتە 86 دۆلار، بەپێی بڕیارەکەی دادگەش دەبێت پارەکە بە چوار قست بدات.
عەلی بەکتاش، سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی کۆزلوی سەر بە پارێزگای زۆنگولداک ـی تورکیا کە سەربە ئاکپارتییە، دوو ساڵ بەرلە ئێستا لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنی راستەوخۆدا هەڕەشەی لەو سێ رۆژنامەڤانە کردبوو کە هەواڵیان لەبارەیەوە بڵاوکردبووە و گوتبووی، "ئەگەر دەسەڵاتی دادوەری ئەرکی خۆی جێبەجێ نەکات، من جێبەجێی دەکەم و رێگە نادەین بە ئاسانی لە شەقام بسووڕێنەوە".
رۆژنامەڤانان عەلەڤ ئوزونباش، ئەرگین ئۆزکول و سەیفی بۆیراز بەو هۆیەوە لە داواکاری گشتیی زۆنگولداک سکاڵای یاساییان لەسەر ئەو بەرپرسەی ئاکپارتی تۆمارکرد.
دوای تێپەڕبوونی 14 مانگ بەسەر تۆمارکردنی سکاڵای رۆژنامەڤانەکان داواکاری گشتیی زۆنگولداک لە سێیەمین دادگای سزای زۆنگولداک سکاڵای لەسەر عەلی بەکتاش، سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی کۆزلو تۆمارکرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی ئایاری 2022 سێیەمین دادگای سزای زۆنگولداک بە تۆمەتی تاوانی "هەڕەشەکردن" سزای 69 رۆژ زیندانیکردنی بۆ عەلی بەکتاش سەرۆکی شارەوانی شارۆچکەی کۆزلوی ئاکپارتی بڕییەوە.
هەر بەبڕیاری دادگا سزای 69 رۆژ زیندانیکردنی گۆڕدرا بۆ بژاردنی پارە کە دەبێت بە چوار قیست بیدات. رۆژی بە 20 لیرە هەژمارکرا، کە کۆی گشتی دەکاتە یەک هەزار و 380 لیرە.
ئەم بڕیارەی دادگا کاردانەوەی بەدوادا هات. رۆژنامەڤان عەلەڤ ئوزونباش کە یەکێکە لەو رۆژنامەڤانانەی هەڕەشەی لێکراوە و سکاڵای لە دژی ئەو بەرپرسەی ئاکپارتی تۆمارکردووە، بڕیارەکەی بە "کۆمێدی" وەسفکرد و گوتی دوای تێپەڕبوونی 14 مانگ ئەو بەرپرسەی ئاکپارتی دراوەتە دادگا، هێندەی نەماوە دادگا کە بنەڕەتدا سزای نەدات، هەڕەشەکردن لە رۆژنامەڤانان چۆن دەبێت بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت؟
ئەو سێ رۆژنامەڤانەی سکاڵایان تۆمارکردبوو پێیانوایە ئەو سزایەی دادگا بۆ سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی کۆزلوی ئاکپارتی بڕیویەتییەوە کەمە، بۆیە سکاڵا تۆمار دەکەن و داوای قەرەبووکردنەوە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ