گەڕان بەدوای کرێکارە بێسەروشوێنەکانی ئەرزنگان راگیراوە؛ 'کێلەکەی ماچ نەکەم ئاسوودە نابم'

رووداو دیجیتاڵ

کەسوکاری ئەو کرێکارانەی کە نۆ رۆژ بەر لە ئێستا لە رووداوێکدا لە کانێکی زێڕی شاری ئەرزنگان بێسەروشوێن بوون، گردبوونەتەوە و داوا دەکەن بە زیندووی بێت یان مردوویی چارەنووسی رۆڵەکانیان یەکلایی بکرێتەوە.

تائێستا هیچ هەواڵێک لەبارە ئەو نۆ کرێکارە نییە کە کەوتوونەتە ژێر خاکی کانەکە. وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی پێنجشەممە، 21ـی شوباتی 2024، رایگەیاند، تاوەکو مەرج و کاتی گونجاو، گەڕان لە کانەکەدا راگیراوە.
 
بنەماڵەی کرێکارەکان ناڕەزایەتی دەردەبڕن و بە گریانەوە داوای منداڵەکانیان دەکەن. سەڤدا یڵدز، دایکی یەکێک لەو کرێکارانەیە دەڵێت، "هەرچی زووە منداڵەکەمم بدەنەوە. ئەگەر کەسیش بڕوا نەکات من دایکم. پێتان دەڵێم کوڕەکەم لە ژیاندایە، بەڵام بەپێی ئەم کارە منداڵەکەم بەمزووانە دەمرێت. با بەزوویی ئەم بابەتە چارەسەر بکەن و منداڵەکەمم پێ بدەن."
 
ئەو تیمانەی بەدوای ئەو کەسانەدا دەگەڕێن دەیانەوێت لەڕێگەی پێشاندانی وێنە و ڤیدیۆی کارەکانیانەوە ئەو خێزانانە رازی بکەن، بەڵام ئەوان دڵیان ئاو ناخواتەوە و بەشێکیان دەڵێن، بە ئەنجامەکە رازین، بەڵام با منداڵەکانیان گۆڕیان هەبێت.
 
سەڵاحەدین یڵدز، نوێنەری کرێکارانە لە ئەرزنگان باس لەوە دەکات، "دەوڵەت دەبێت گیانیان ببەخشێتەوە بە ئێمە، گیاندارێک کە لەسەر زەوی ژیاوە، ئێستا لەژێر زەویدایر دەبێت بهێنرێتە دەرەوە بیدەنەوە بە ئێمە. تاوەکو ماچی نەکەم، کێلەکەی ماچ نەکەم، سەردانی گۆڕەکەی نەکەم ئاسوودە نابم."
 
باوکی یەکێکە لە کرێکارەکان گوتی، "ئەگەر منداڵی وەزیر و سەرۆکوەزیران بووایە بە زیندوویی دەردەهێنران. ئیدی هەموو شتێکمان قبوڵ کردووە. با هەرچی زووە منداڵەکەمان بدەنێ. ئێمە هیچی دیکەمان ناوێت. خەونەکانیان لێ وەرگرتین، باڵ و قاچیان شکاندین، منداڵەکەیان لێ وەرگرتم."
 
شەش زانا و پسپۆڕی زانکۆی تەکنیکیی کارادەنیز، لە ئاسمانەوە لێکۆڵینەوەیان لە ناوچەی کانە زێڕەکە کردووە. بە گوێرەی راپۆرتەکەیان، بارستەی ئەو خاکەی لەنێو کانەکەدا دەرهێندراوە گەیشتووەتە 257 مەتر، لە کاتێکدا دەبێت زۆرترین بەرزی 150 مەتر بێت، ئەمەش هۆکاری داڕمانی کانەکەیە.