رووداو دیجیتاڵ
شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئەمڕۆ بۆ دووەمجار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی لە ئیمراڵی کرد.
میدیای تورکیا بڵاویکردەوە، شاندی دەم پارتی کە لە سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان پێکهاتبوون، ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2025، جارێکی دیکە سەردانی ئیمراڵیان کردووە و چاویان بە ئۆجەلان کەوتووە.
بەگوێرەی میدیای تورکیا؛ دیداری شاندەکەی ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) چوار کاژێری خایاندووە.
نووسینگەی راگەیاندنی دەم پارتی بڵاویکردەوە، شاندەکە سبەی پێنجشەممە، 23ـی کانوونی دووەمی 2025، راگەیێندراوێک بڵاودەکاتەوە.
شاندی دەم پارتی رۆژی سێشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2025، کۆتایی بە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی تورکیا هێنا.
شاندەکە دواتر سەردانی هەریەکە لە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپە لە گرتووخانە کرد و هەردووکیان پاڵپشتیی خۆیان بۆ پرۆسەکە دەربڕی.
دیداری یەکەمی شاندەکە لەگەڵ ئۆجەلان، رۆژی شەممە، 28ـی کانوونی دووەمی 2024 بوو. شاندی دەم پارتی بۆ رۆژی دواتر پەیامێکی لەسەر زاری ئۆجەلان بڵاوکردەوە کە تێیدا جەختی لە بەهێزکردنی برایەتیی کورد - تورک کردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ