ئومیت ئۆزداغ: شەوی رابردوو ئۆجەلان لە من ئاسوودەتر خەوتووە

22-01-2025
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زافەر لە پەیامێکدا باس لە خراپی شوێنی مانەوەی دەکات و دەڵێت، شەوی رابردوو عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە شوێنێکی خۆشتر خەوتووە.
 
سەرۆکی پارتی زافەر کە بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە بڕیاری داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ دەستگیرکراوە، پەیامێکی بڵاوکردەوە. 
 
ئۆزداغ کە زیاتر بە کەسێکی دژەکورد و دژەپەنابەر دەناسرێت، لەو پەیامەیدا باسی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەکات.
 
لە بەشێکی پەیامەکەدا هاتووە: "بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە ئەردۆغان لە خواردنگەیەکی ئەنقەرە و لەکاتی نان خواردندا لەلایەن 15 پۆلیسەوە دەستگیرکرام. شەوم لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی شەقامی وەتەن لە ئیستەنبووڵ بەسەربرد. سەرەڕای هەوڵی نیازپاکانەی هاوڕێ پۆلیسەکانمان، شەو لەسەر پارچە تەختەیەکی 30 سانتیمەتری بە دوو مەتر بەسەر برد. دڵنیام دوێنێ شەو ئۆجەلان لە ئیمرالی لە شوێنێکی زۆر خۆشتر خەوتووە".
 
هۆکاری دەستگیرکردنی ئۆزداغ
 
دوای دەستپێکردنی دیداری شاندی دەم پارتی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و دواتریش پارتە سیاسی و کەسایەتییەکان، سەرۆکی پارتی زافەر زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دژی ئەو پرۆسەیە دەستپێکرد.
 
ئومیت ئۆزداغ سەرەتا لە پارێزگای مەراش و دواتریش ئەنتاڵیا، کۆبوونەوەی دژی دیدارەکانی شاندی دەم پارتی کرا و تێیاندا رەخنەی تووند لە ئاکپارتی و مەهەپە گیرا. 
 
ئۆزداغ رۆژی 19-1-2025 لە میتینگی دژی پڕۆسەی چارەسەری لە پارێزگای ئەنتاڵیا رەجەب تەیب ئەردۆغانی تۆمەتبارکرد بەوەی گوایە هۆکاری دزەکردنی کۆمەڵەی گولەنییەکان بووە بۆ ناو دەوڵەت و دەوڵەتی رادەستی ئەوان کردووە. 
 
ئۆزداغ گوتی: "ئەردۆغان بیر و باوەڕ، کولتوور و مێژووی تورک لە شێتێکی تەڕبووش بەسەر فێر بووە. ئەو زیانەی ئاکپارتی بە تورکیای گەیاندووە، خاچپەرستانیش نەیانگەیاندووە".
 
تەڕبووش چییە؟
 
کڵاوێکی تایبەت بە میسرییەکانە و لەوێوە بە وڵاتانی دیکە بڵاوبووەتەوە. شێوەکەی لوولەکییە و رەنگی سوورە.
 
لە سەردەمی شانشینی میسر مەرج بوو هەموو پیاوێک تەڕبووشی لەسەر کردبا، بەڵام ئێستا لە میسر زیاتر مامۆستایانی ئایینی و خوێندکارانی زانکۆی ئەزهەر تەڕبووش لەسەر دەکەن.
 
ئومیت ئۆزداغ
 
سیاسەتڤان و نووسەری تورک ساڵی 1961 لە تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن لەدایکبووە؛ لە 2005-2006 و 2010-2016  ئەندامی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بوو.
 
دوای جیابوونەوەی لە مەهەپە، لە 2017-2021 بووە یاریدەدەری سەرۆکی ئیی پارتی بە سەرۆکایەتیی مەرال ئاکشەنەر؛ دواتر لە ئیی پارتیش جیابووەوە. ئۆزداغ لە هەڵبژاردنەکانی 2018دا لە بازنەی ئیستەنبووڵ بووە پەرلەمانتار؛ ساڵی 2021 بووە پەرلەمانتاری سەربەخۆی بازنەی ئیستەنبووڵ.
 
پارتی زافەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی 2023 دا ئەگەرچی 2.23٪ی دەنگەکانی تورکیای بەدەستهێنا، بەڵام دەنگەکانی پەرش و بڵاوبوون و هیچ کورسییەکی نەبردەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی؛ وێنەکە ئەرشیڤە.

هاوسەرۆکی دەم پارتی بۆ بەرپرسانی تورکیا: دژایەتی یان ئاشتی بەرامبەر بە کورد هەڵبژێرن

کاردانەوەکان لە دانانی قەییوم بۆ گەورەشارەوانیی وان و لەکارلادانی هاوسەرۆکی شارەوانییەکە بەردەوامە. هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، کاتی هاتووە ئەم پرسە یەکلایی بکرێتەوە، "یان دژایەتیی کورد بکەن یانیش ئاشتی و دیموکراسی هەڵبژێرن".