ئەرزڕۆم.. هێرشکرایە سەر نەوەی شێخ سەعیدی پیران
رووداو - ئەرزڕۆم
لە شاری ئەرزڕۆمی باکووری کوردستان هێرشکرایە سەر نەوەیەکی شێخ سەعیدی پیران.
رۆژی 21-4-2015 هێرشکرایە سەر عەبدولرەحمان فورات، نەوەی شێخ سەعیدی پیران کە کاندیدی پارتی داد و گەشەپیدان AKP یە بۆ هەڵبژاردنە گشتییەکان لە شارۆچکەی تاتۆس لە پارێزگای ئەرزڕۆمی باکووری کوردستان.
عەبدولڕەحمان فورات لەکاتی چوونیدا بۆ شارۆچکەکە بە مەبەستی هەڵمەتی هەڵبژاردن، رووبەڕووی هێرشی نزیکی 50 گەنجی کوتەک بەدەست بووەوە. بەڵام توانی بەبێ برینداربوون رزگاری ببێت.
لە وتارێکیشدا کە دوای رووداوەکە پێشکەشیکرد، عەبدولڕەحمان فورات گوتی: "ئێمە هیچ کاتێک لەو ئاژاوەگێڕانە نەترساوین و ناترسین. هاووڵاتیانمان کە دەنگدەدەن بەمانە با ببینن چیدەکەن و مەبەستیان چییە. ئێمە درووشممان تورکیای نوێیە و داوای دیموکراسی دەکەین".
دوو نەوەی شێخ سەعیدی پیران، کە ئامۆزای عەبدولرەحمان فوراتن، سەرۆکشارەوانی دوو شارۆچکەی ئەرزڕۆمن لەسەر لیستی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان DBP.