ئەردۆغان داوا لە حکومەتی سووریا دەکات شەڕی شەڕڤانان بکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، پێویستە حکومەتی سووریاش هاوشێوەی حکومەتی وڵاتەکەی شەڕی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بکات.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کاتی گەڕانەوەی لە لووتکەی گرووپی 20 لە بەرازیل لە فڕۆکەدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
ئەردۆغان لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئەگەری هەیە سوپای وڵاتەکەی هێرش بکات سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، گوتی، "بە هیچ شێوەیەک لێبووردەییمان بۆ ئەو پێکهاتانە نییە کە بەردەوام هەڕەشەی ئاسایشی نیشتمانی بۆ سەر وڵاتەکەمان لەودیوی سنوورەکانمانەوە دروست دەکەن. بە هەموو کەسمان راگەیاندووە کە ئێمە لەو بابەتەدا روون و خاوەن بڕیارین".
ئەردۆغان گوتی، "باکووری سووریا لەلایەن پەکەکە/پەیەدە/یەپەگەوە داگیرکراوە کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێن. ئەو ناوچەیە نەک تەنیا بۆ ئێمە، بەڵکو بۆ سووریاش لە رادەبەدەر گرنگە. پاککردنەوەی پەکەکە/پەیەدە/یەپەگە لەو ناوچەیە، بۆ ئیدارەی سووریاش لە رادەبەدەر گرنگە".
سەرۆککۆماری تورکیا زیاتر لەبارەی ئەو بابەتە قسەی کرد و گوتی، "شەڕی نێوخۆ لە سووریا، ناسەقامگیری گەورەی لە خاکی دراوسێماندا هێناوەتە ئاراوە. ناسەقامگیری، وەک چۆن زەلکاوێک مێشوولە بۆ خۆی رادەکێشێت، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دەرەوەی سنوورەکانی ئێمەی راکێشا. وەک چۆن ئێمە هەوڵ دەدەین بۆ وشککردنی ئەو زەلکاوە، پێویستە ئیدارەی سووریاش ئەو هەوڵە بدات".
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتی وڵاتەکەی ناتوانێت هیچ کاردانەوەیەکی نەبێت لە بەرامبەر ئەو رووداوانەی لەودیو سنوور لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا روودەدەن و رایگەیاند، "بەردەوام دەبین لە شەڕی خۆمان دژ بە تیرۆر. وەک تورکیا ئامادەین بۆ ئەو دۆخەی کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا دروستی دەکات."
ئەردۆغان گوتیشی: "ئاسایشی نیشتمانیی ئێمە لە پێش هەموو شتێکەوەیە و لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە. لەم بابەتەدا هەوڵ دەدەین بە ئەنجامدانی دانوستاندنی پێویست لەگەڵ رووسیا، ئەو کەشوهەوایەی لە سووریایە لە بەرژەوەندی ناوچەکەدا بگۆڕین".
تورکیا سێ جار لە رێگەی ئۆپەراسیۆنەوە و بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی چووەتە نێو رۆژئاوای کوردستان و سووریا.
ئابی 2016 سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی "قەڵخانی فورات"ی لە بەشی باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا بەرەو باکووری سووریا دەستپێکرد و ناوچەکانی باب، راعی و عەزازی سەر بە پارێزگای حەلەبی کۆنترۆڵکرد. تورکیا باسی لەوەکرد ئۆپەراسیۆنەکەی لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا کردووە.
تورکیا رۆژی 20ی کانوونی دووەمی 2018 یش لە ئۆپەراسیۆنێکدا بەناوی (چڵە زەیتوون) لەشکرکێشی کردە سەر عەفرینی رۆژئاوای کوردستان. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ماوەی 58 رۆژ بەرگری لە خاکی عەفرین کرد، بەڵام دواجار سوپای تورکیا بە هاوکاریی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیکی دەستی بەسەر عەفریندا گرت.
سوپای تورکیا رۆژی 9ی تشرینی یەکەمی 2019 لە ئۆپەراسیۆنێک بە ناوی "کانیی ئاشتی" هێرشیکردە سەر گرێسپی و سەرێکانی لە رۆژئاوای کوردستان و ئەو دوو شارۆچکەیەشی خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆی. ئێستا سەربازانی تورکیا لەو شوێنانەدا جێگیرن.