وەزارەتی ناوخۆی تورکیا پشکنەر رەوانەی گەورەشارەوانییەکانی ئامەد و مێردین دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لێکۆڵینەوە لە گەورەشارەوانییەکانی ئامەد و مێردینی باکووری کوردستان دەستیپێکردووە. بانگەشەی ئەوە دەکرێ، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شارەوانیدا ئاڵای تورکیایان لابردووە و سروودی نیشتمانییان نەگوتووەتەوە.
وەزیری ناوخۆی تورکیا پشکنەری بۆ لێکۆڵینەوە لەوبارەوە راسپاردووە، دەم پارتی و شارەوانییەکان تۆمەتەکان رەتدەکەنەوە.
عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی هەینی رایگەیاند، پشکنەرانی مەدەنییان بۆ لێکۆڵینەوە لەو دوو گەورەشارەوانییە راسپاردووە.
هاوسەرۆکانی گەورەشارەوانی ئامەد لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایانگەیاند: "لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شارەوانی پارێزگا کە رۆژی 17ـی نیسان دەستیپێکرد و 19ـی نیسان کۆتاییهات، سروودی نیشتمانی گوتراوەتەوە و ئاڵای تورکیاش لە شوێنی خۆی بووە".
هەمان رۆژ داواکاری گشتیی مێردین ئاشکرای کرد، لە بارەی دەنگۆی "نەگوتنەوەی سروودی نیشتمانی" لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شارەوانی مێردین لە 13 نیساندا، لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە.
ئەحمەد تورک هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین لە بەیاننامەیەکی نووسراودا ئاماژەی بەوەدا، هەمیشە رێز لە بەها هاوبەشەکانی ئەو وڵاتە دەگرن. ئەو پێی وایە لە تورکیا نابێت ئاڵا و ئایین بۆ سیاسەت بەکاربهێنرێت.
لە یاسای شارەوانی و کارگێڕی پارێزگاکاندا، هیچ بڕگەیەک نییە شارەوانییەکان پابەند بکات بە گوتنەوەی سروودی نیشتمانی و دانانی ئاڵای تورکیا لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان.
عایشەگول دۆغان گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی دەڵێت: "سەرەڕای لێدوانی هاوسەرۆکانی گەورەشارەوانییەکانی ئامەد و مێردین کەسانێک هەن بە تامەزرۆییەوە باوەڕ بەو بانگەشە بێ بنەمایانە دەکەن. پێشنیاز دەکەین سەرچاوە گشتییەکان لە هەوڵی بێهودەدا بەفیڕۆ نەدەن".
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا کە 31ـی ئاداری ئەمساڵ کرا، دەم پارتی بە گەورەشارەوانییەکانی ئامەد و مێردینەوە 82 شارەوانی بردەوە.