پەرلەمانی ئەوروپا: لە هەلومەرجی ئێستادا ناتوانرێت دانوستاندن بۆ ئەندامبوونی تورکیا دەستپێبکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

دوایین راپۆرتی پەرلەمانی ئەوروپا سەبارەت بە دانوستاندنەکانی تورکیا بۆ ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپا لەلایەن لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەو پەرلەمانەوە پەسند کرا. 
 
ناچۆ سانچێس ئامۆر، پەرلەمانتاری ئیسپانیا و ریپۆرتەری تورکیا لە پەرلەمانی ئەوروپا رۆژی سێشەممە 18ـی تەممووزی 2023 لە کۆبوونەوەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی ئەوروپادا راپۆرتەکەی خستەڕوو.
 
لە کۆی 57 پەرلەمانتار، 47 پەرلەمانتار بە "بەڵێ" دەنگیان دا و 10 پەرلەمانتاریش بێلایەن بوون؛ راپۆرتەکە بێ هیچ دەنگێکی "نەخێر" پەسند کرا.  
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، دانوستاندنەکانی تورکیا بۆ ئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپا لە هەلومەرجی ئێستادا ناتوانرێت دەستپێبکەنەوە.  
 
ناچۆ سانچێس ئامۆر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، دوایین راپۆرتی تورکیا لە لایەن لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی ئەوروپاوە بێ هیچ دەنگێکی نەرێنی پەسندکرا.
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، هیچ پەیوەندییەک لە نێوان ئەندامێتی سوێد لە ناتۆ و ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپادا نییە. 
 
لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی ئەوروپا دەڵێت، لە هەلومەرجی ئێستادا ناتوانرێت دانوستاندنەکانی تورکیا بۆ ئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپا دەستپێبکەنەوە، بۆیە پێویستە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی ئەوروپا و تورکیا لە چوارچێوەیەکی جیاوازدا بەڕێوە بچن و رێکبخرێنەوە.
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، ناتوانرێت پێشکەوتن لە پرۆسەی ئەندامێتیدا هەبێت تا ئەوکاتەی سیاسەتەکانی ئێستای تورکیا نەگۆڕدرێن؛ هەروەها بۆ کردنەوەی پەیوەندییە چەقبەستووەکان و پەرەپێدان بە هاوئاهەنگی پێشنیازکراوە رێگەیەکی تایبەت بدۆزرێتەوە. 
 
لە راپۆرتەکەدا وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی تورکیا وڵاتێکی هاوپەیمانیی ناتۆیە و هاوبەشێکی ستراتیژییە لە بواری ئاسایش و بازرگانی و پەیوەندییە ئابوورییەکان و کۆچدا، ئاماژە بەوەدراوە کە "چاوەڕوان دەکرێت تورکیا رێز لە بەها دیموکراسییەکان و سەروەری یاسا و مافەکانی مرۆڤ بگرێت."