باری نائاسایی لە تورکیا کۆتاییهات
رووداو - ئەنقەرە
کاژێر01:00ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 19-7-2018) لەدوای دوو ساڵ لە باری نائاسایی لە تورکیا و باکووری کوردستان، باری نائاسایی کۆتایی هات و لەمڕۆوە پارت و کۆمەڵەکان دەتوانن بەپێی یاسا و دەستووری تورکیا، چالاکی بکەن.
پارتی دەسەڵاتداری تورکیا (ئاکپارتی) بە پێشکەشکردنی پرۆژەیاسایەک بۆ پاراستنی ئاسایشی نێوخۆ و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لەبری باری نائاسایی، مشتومڕی لەنێو لایەنەکانی تورکیا دروستکردووە، ئاکپارتی رایگەیاندووە بۆ ئەوەی تورکیا لە تیرۆر زیانمەند نەبێت، پێویستە ئەو پرۆژەیاسایە پەسەند بکرێت.
هەریەک لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دژی پرۆژەیاساکەی ئاکپارتین، کە بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو لە پەرلەمانی تورکیا تاوتوێ بکرێت.
پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار