داوا لە یەکێتیی ئەوروپا دەکرێت 'گورگە بۆرەکان' بخاتە لیستی تیرۆرەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
پەرلەمانی ئەوروپا لەبارەی رەوشی تورکیا راپۆرتێکی رەخنەئامێزی ئامادەکردووە و بۆ یەکەمینجار "گورگە بۆرەکان" کە رێکخراوی لاوانی سەر بە پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی-مەهەپەن، وەک رێکخراوێک دەناسێنێت کە لێکەوتەی تیرۆری لێدەکەوێتەوە.
 
پەرلەمانی ئەوروپا ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی ئایار 2021 بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئەو راپۆرتە کۆدەبێتەوە و دەیخاتە دەنگدانەوە. 
 
لەو راپۆرتەدا، کە لەلایەن ناچۆ سانجێز ئیمۆر، پەرلەمانتاری ئیسپانی  ئامادەکراوە، ماددەیەک زیادکراوە کە تێیدا رێکخراوی "گورگە بۆرەکان" وەک رێکخراوێکی "نەژادپەرست و راستڕەوی پەرگیڕ" دەناسێنێت و ئاماژە بەوەدراوە، ئەو رێکخراوە نەک تەنیا لە تورکیا بەڵکو لەو وڵاتانەش کە ئەندامن لە یەکێتیی ئەوروپا بەشێوەیەک پێشدەکەوێت، کە مایەی نیگەرانییە.  
 
لە راپۆرتەکەدا پێشنیازکراوە  رێکخراوی "گورگە بۆرەکان" بخرێتە لیستی رێکخراوەکانی تیرۆری یەکێتیی ئەوروپا و قەدەخە بکرێت. دەستیش بە لێکۆڵینەوە لەبارەی رێکخراوەکە بکرێت.
 
هەروەها ئاماژە بەوەدراوە، رێکخراوی گورگە بۆرەکان بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر کورد و ئەرمەن و یۆنانییەکان و هەر کەسێک، کە بە ئۆپۆزسیۆنی دەزانن، بۆیە پێویستە بەر لە کاریگەرییان بگیرێ. 
 
یەکەمین هەنگاو لەو بارەیەوە رۆژی 4ی تشرینی دووەمی 2020 لەلایەن حکومەتی فەرەنسا نرا، کە بە بڕیارێک بە پاساوی ئەو هێرش و چالاکییانەی لە فەرەنسا ئەنجامیانداوە رێکخراوی گورگە بۆرەکانی قەدەخە کرد. لە دوای فەرەنسا هەوڵێکی هاوشێوە لەلایەن حکومەتی ئەڵمانیاش بووە رۆژەڤ.  
 
هەرچەندە لیستی رێکخراوەکانی تیرۆری یەکێتیی ئەوروپا لەلایەن سەرۆکی دەوڵەت و حکومەتەکانی یەکێتی ئەوروپاوە دەستنیشان دەکرێ، بەڵام بۆ یەکەمینجار بەکارهێنانی دەستەواژەی تیرۆر بۆ رێکخراوی گورگە بۆرەکان لەلایەن پەرلەمانی ئەوروپا پێشهاتێکی نوێیە و گفتوگۆیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتیی ئەوروپادا دەکاتەوە. 
 
لە کۆبونەوەی پەرلەمانی ئەوروپا ناچۆ سانجێز ئیمۆر پەرلەمانتاری ئیسپانی، کە راپۆرتەکەی ئامادەکردووە ئاماژەی بەوەدا، پەیوەندییەکانی تورکیا-یەکێتیتی ئەوروپا لە نزمترین ئاستدایە. داوای لە تورکیا کرد بۆ تازەکردنەوەی متمانە لە نێوان هەردوو لادا واز لە گوتارەکانی دژی ئەوروپا و چەمکی حکومڕانی بە زەبر و زەنگ بهێنێت. 
 
ئەو ریپۆرتەرە ئاماژەی بەوەدا، تورکیا تادێت دوور دەکەوێتەوە لە پابەندبوون بە بەهاکانی ئەوروپا و وەک پەرلەمانی ئەوروپا بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردن لە رێکخراوە مەدەنییەکانی تورکیا. وێڕای سەرجەم رەخنەکانیش دەرگایان واڵایە بە رووی تورکیادا.