ئەردۆغان بە دابەزاندنی بەهای لیرە دەیەوێت مۆدێلی چینی دووبارە بکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەردۆغان دەڵێت، چیدیکە نایەوێت ئەزموونی رۆژئاواییەکان لە بواری ئابووری تاقی بکاتەوە، بەڵکو دەیەوێت هاوشێوەی چین لە رێگەی دابەزاندنی سوودی بانکی، بەهای دراوەکەی دابەزێنێت و تورکیا بکاتە وڵاتێکی گەورەی هەناردەکار.
بەهای لیرەی تورکی بەردەوامە لە دابەزین و هەڵئاوسان لە وڵاتەکە لە ماوەیەکی کورتدا بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاش بەردەوامە لە بەڵێنەکانی بۆ دابەزاندنی رێژەی بێکاری، بەرزکردنەوەی رێژەی هەناردەکردنی کاڵاکانی تورکیا و بەهێزکردنی ئابووری.
ئۆزگور ئونلوهیسارجکلە، بەڕێوەبەری نووسینگەی ئەنقەرەی جێرمان مارشاڵ فەند کە دامەزراوەیەکی سەربەخۆی ئەمریکییە دەڵێت، ئەردۆغان بە گوێی ئابووریناسە زیرەکەکان ناکات و، کەمتر بەرگەی رەخنە دەگرێت، بە تایبەتی لەنێوخۆی حیزبەکەی.
هەڵئاوسان و گرانبوونی کەلوپەلەکان لە نێوخۆی وڵاتەکە، ناڕەزایی و رەخنەی بەشێک لە خەڵکی بەدواداهات. ئەو چینەشی زۆرترین کاریگەرییان لەسەر دروستبووە، چینی فەرمانبەر و کرێکارانن کە بەشێکی گەورەی پێگەی جەماوەریی ئەردۆغان پێکدێنن.
بەپێی راپرسییەکان، دەنگەکانی ئەردۆغان بەخێرایی روو لە کەمبوونە. یەکێک لە ئاڵنگارییەکانی بەردەم سەرۆککۆماری تورکیا ئەوەیە کە پێش هەڵبژاردنی داهاتوو دەبێت دۆخی ئابووریی وڵاتەکەی چاک بکاتەوە، بەپێچەوانەوە ئەگەری سەرکەوتنی کەمە.
هەڵبژاردنەکانی تورکیا نزیکەی 18 مانگیان ماوە. زۆربەی ئابووریناسەکان پێیانوایە جێبەجێکردنی مۆدێلی چینی نزیکەی 10 ساڵی پێدەچێت بۆ ئەوەی بەرهەمەکەی بچێنێتەوە، بەڵام ئەردۆغان بەڵێنی ئەوەی داوە کە لە ماوەی شەش بۆ هەشت مانگدا ئابووری سەقامگیر بکات.
ئەردۆغان لە هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ کەناڵی تەرەتەی تورکی سووربوونی خۆی لەسەر پەیڕەویکردنی سیاسەتەکەی راگەیاند و ئاماژەی بەوە دا، رەنگە تورکیا بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا هەلی ئەوەی بۆ رەخسابێت کە دوای ئەو مۆدێلە ئابوورییە بکەوێت کە گونجاوترینە بۆی.
چەند کاژێرێک دوای ئەو قسانە، لیرە نزیکەی 15٪ـی بەهاکەی لەدەستدا.
سەرۆککۆماری تورکیا پێیوایە، سوودی بانکی دەوڵەمەندەکان دەوڵەمەندتر دەکات و هەژارەکانیش هەژارتر، دەشڵێت، "ناهێڵین وڵاتەکەمان بەوشێوەیە داڕووخێت. رێگە بەوە نادەین".
لەگەڵ قسەکانی ئەردۆغان و پێداگرییەکان لەبارەی دابەزاندنی سوودی بانکی، بەهای لیرە بەخێرایی دادەبەزێت. تەنیا لەمساڵدا لیرە 40٪ـی بەهاکەی لە دەستداوە و رێژەی هەڵئاوسان بۆ 20٪ بەرزبووەتەوە.
لیرەی لاواز وا دەکات کە وڵاتانی دیکە وەکو مارکێتێک سەیری تورکیا بکەن و بەرهەمەکانیان لێبکڕن، بەوەش دۆلار و یۆرۆی زیاتر دەچێتە وڵاتەکە و ئابووری سەقامگیرتر دەبێت.
ئەوە دیوێکی بابەتەکەیە، لەلایەکی دیکەوە بەهۆی دابەزینی بەهای لیرە کڕینی بەرهەمی دەرەکی بۆ خەڵکی تورکیا قورستر دەبێت. ئۆتۆمبێل، مۆبایل، کۆمپیوتەر و چەندین کەلوپەلی کارەبایی دیکە کە لە وڵاتانی دیکە هاوردە دەکرێن، گران دەبن. ئەو کێشەیەی کە چەندین ساڵە ئێران بەدەستیەوە دەناڵێنێت.
ئەردۆغان زۆرتر پشتی بەوە بەستووە کە هەناردەکردنی زیاتر، کێشەی کەمیی هەژماری نەختینەیی چارەسەر دەکات. هەروەها پێشی وایە کە دابەزینی کرێی کرێکار وا دەکات کە کارگەکانی تورکیا پشکێکی گەورەتر لە بازاڕی ئەوروپا بۆ خۆی دەستبەر بکات و کارگە بیانییەکانیش زۆرتر روو لە وڵاتەکە بکەن.