بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنای ئێران: پشکنینی گەشتیاران لە دەروازە سنوورییەکان چڕتر دەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنای ئێران دەڵێ، بەهۆی زۆربوونی ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا، لە دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکانەوە رێوشوێنە تەندروستییەکان چڕ دەکرێنەوە.
بەگوتەی عەباس شیراوژەن، گوتەبێژی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ئێران، لە دەروازە سنوورییەکان هاووڵاتییانی وڵاتانی دیکە پشکنینی کۆرۆنایان بۆ دەکرێ، کارتی کوتانی ڤاکسینیان کۆنترۆڵ دەکرێت و هەر کەس گومان بکرێ کۆرۆنای هەیە کەرەنتین دەکرێت.
عەباس شیراوژەن دەڵێ: چالاکی بنکە تەندروستییەکان لە دەروازە سنوورییەکان بەردەوامە و تێبینی دەکرێ لە دەروازە سنوورییەکانەوە زیانی تەندروستیمان پێنەگات.
لە رۆژانی رابردوودا ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیش دیسان رووی لە هەڵکشان کردووەتەوە و بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران دەڵێن، حەوتەمین شەپۆلی کۆرۆنا دەستیپێکردووە.
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی کۆرۆناوە لە نەخۆشخانەکان خەوێندراون بەراورد بە هەفتەی رابردوو 2.5% زیادیکردووە و ژمارەی ئەو کەسانەش گیانیان لەدەستدەدەن 40% بەرزبووەتەوە.
گوتەبێژی ناوەندی کۆنترۆڵی قەیرانی ئێران پێشبینی دەکات، لە رۆژانی داهاتوو ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستدەدەن زیاتریش ببن.