رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی کەمتر لە دوو کاژێردا دوو بوومەلەرزە لە پارێزگای تۆکاتی تورکیا روویدا. بەو هۆیەوە ئەمڕۆ لە سێ شارۆچکەی ئەو پارێزگایە دەرگای قوتابخانەکان ناکرێنەوە.
بوومەلەرزەی یەکەم، کە گوڕەکەی 4.7 پلە بووە بە پێوەری رێختەر کاژێر 01:06 خولەکی بەرەبەیانی 18ـی نیسانی 2024 روویدا. بەگوێرەی راگهیێندراوێكی سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا – ئافاد، چەقی بوومەلەرزەکە شارۆچكەی "سولوسارای" بووە و لە قوڵایی 9.97 کیلۆمەتر تۆمار کراوە .
بەهۆی بوومەلەرزەکەوە ترس و دڵەڕاوکێ لە نێو خەڵکی دروستبووە و لە پارێزگاکانی دەوروبەریش هەستی پێکراوە.
تائێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانەکانی بوومەلەرزەکە بڵاونەکراوەتەوە.
عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، "بەدواداچوونی مەیدانی تیمەکان بەردەوامە."
بوومەلەرزەی دووەم کاژێر 02:35 خولەک بە گوڕی 4.1 پلەی رێختەر لە قوڵایی حەوت کیلۆمەتر لە هەمان شارۆچکە روویدا.
نوعمان هاتیپئۆغڵو پارێزگاری تۆکات دەڵێت، بوومەلەرزەکەی دووەمیش زیانی نەبووە، بەڵام لە چوارچێوەی گرتنەبەری رێکارەکانی خۆپارێزی لە شارۆچكەکانی سولوسارای، ئارتۆڤا و یەشیلیورت ئەمڕۆ قوتابخانەکان ناکرێنەوە.
ساڵی 2023 لە شەشی شوباتدا دوو بوومەلەرزە بەگوڕەکانی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر لە پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان روویاندا. بوومەلەرزەکان 10 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانیان هەژاند.
بەگوێرەی ئاماری فەرمیی دەوڵەتی تورکیا، زیاتر لە 53 هەزار کەس بەهۆی هەردوو بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ