رووداو دیجیتاڵ
پارتی داد و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بەربژێری شارەوانیی پارتەکەی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە 48 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا رادەگەیێنێت، کە لە 31ـی ئاداری ئەم ساڵدا دەکرێت.
بەرنامەی ناساندنی بەربژێرەکانی ئاکپارتی کاژێر 14:00 ـی ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ـی کانوونی دووەمی 2024، بە ئامادەبوونی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، لە شاری ئەنقەرە دەستپێدەکات و لە نێویاندا بەربژێری گەورەشارەوانییەکانی ئەنقەرە و ئیزمیر و 15 گەورەشارەوانی دیکە رادەگەیێندرێت.
بڕیار بوو ئەو بەرنامەیە یەکشەممەی رابردوو رێکبخرێت، بەڵام بەهۆی کوژرانی نۆ سەربازی سوپای تورکیا لەلایەن پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەمڕۆ دواخرا.
چاوەڕوان دەکرێت ئاکپارتی تورگوت ئاڵتنئۆک وەک بەربژێری گەورەشارەوانیی ئەنقەرە و هەمزە داغ وەک بەربژێری گەورەشارەوانیی ئیزمیر رابگەیێنێت.
ئەردۆغان، بۆ یەکەمجار لە 7ـی ئەم مانگەدا لە شاری ئیستەنبووڵ بەربژێری 25 شارەوانی راگەیاند، لەنێویاندا گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاکانی تورکیا بڵاوکراونەتەوە، بەربژێرەکانی ئاکپارتی لە چەند پارێزگایەکی باکووری کوردستان یەکلاییکراونەتەوە، هەریەک لە خالیس بیلدەن بۆ گەورەشارەوانیی ئامەد، زەینەل عابدین بەیازگول بۆ گەورەشارەوانیی روها، محەممەد سەکمەن بۆ شارەوانی ئەرزەڕۆم، فورات گۆرگەل بۆ شارەوانی مەڕەش، سامی ئەر بۆ گەورەشارەوانیی مەڵەتی بەربژێر کراوە. هەروەها بۆ شارەوانیی چەولیگ ئەرداڵ ئاریکان، بۆ شارەوانیی خارپێت شاهین شەریف ئۆغوڵڵاری و بۆ شارەوانیی بەدلیس نەسروڵڵا تانگلای یەکلاریی کراوەتەوە.
لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا کە ساڵی 2019 کرا، مەنسور یاڤاش بەربژێری جەهەپە بە پشتیوانی دەنگدەرانی هەدەپە و ئیی پارتی 50.93٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و بوو بە سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە. محەممەد ئۆزحەسەکی بەربژێری ئاکپارتی 47.1٪ـی دەنگەکانی ئەنقەرەی بەدەستهێنا. بۆ ئەم هەڵبژاردنەش مەنسور یاڤاش سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە بۆ دووەمینجار بەربژێری جەهەپەیە لە ئەنقەرە، بەڵام دەم پارتی و ئیی پارتی ئەمجارەیان لە ئەنقەرە بە شێوەیەکی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی شارەوانی دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ