OECD: تورکیا لە بەرزکردنەوەی نرخی خۆراک یەکەمە
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئاماری رێکخراوی نێودەوڵەتیی گەشەپێدانی ئابووریی و هاوئاهەنگی (OECD)، تورکیا لە بەرزکردنەوەی نرخی خۆراکدا پێشەنگی وڵاتانی ئەندامی رێکخراوەکەیە. هەر بەپێی راپۆرتەکە لە وڵاتی تورکیادا کانوونی یەکەمی 2020 بەدواوە نرخی خۆراک بە رێژەی 20.6٪ بەرزبووەتەوە.
لەمبارەیەوە ئۆرهان ساریباڵ، راوێژکاری سەرۆکی جەهەپە و بەرپرس لە کاروباری کشتوکاڵ کە هاوکات پەرلەمانتاری جەهەپەیە لەسەر بازنەی بورسە، رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی تورکیا ساڵی 2011 لە کشتوکاڵدا هەنگاوی زۆر جددیی هاوێشتووە، بەڵام ماوەی 10 مانگە ژمارەی پێوانەیی لە بەرزبوونەوەی نرخ تۆمارکردووە.
ساریباڵ هەروەها رەخنەی لە حکومەتی تورکیا گرت بەوەی وڵاتەکەیان ئالوودەی بەرهەمی دەرەوە کردووە و ئێستا کەرەستە و کەلوپەلی زۆر لە دەرەوە بۆ تورکیا هاوردە دەکرێت.
لە ماوەی رابردوودا تورکیا جگە لەوەی لەنێو قەیرانێکی ئابووریدا بوو، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا چەندینجار قەدەخەی هاتووچۆ و سنووردارکردنی راگەیاند، کە ئەمە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر خەڵک دروستکرد.