رووداو دیجیتاڵ
بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری تورکیا، رێژەی بێکاری لە تورکیا و باکووری کوردستان لە چارەکی سێیەمی ئەم ساڵدا 0.5٪ کەمیکردووە و گەیشتووەتە 9.2٪ و لەو ماوەیەدا 161 هەزار کەس لە بیكاری رزگارییان بووە، بەڵام هێشتا سێ ملیۆن و 218 هەزار کەس بێکارن.
دەستەی ئاماری تورکیا ئەمڕۆ هەینی، 17ـی تشرینی دووەمی 2023، ئامارەکانی چارەکی سێیەمی ئەمساڵی بێکاری و هێزی کار لە تورکیا و باکووری کوردستان بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی داتاکان لە مانگەکانی تەمموز، ئاب و ئەیلولی 2023، بەراورد بە هەمان مانگەکانی ساڵی پار، ژمارەی بێکاران 161 هەزار کەس کەمیکردووە و دابەزیوە بۆ سێ ملیۆن و 218 هەزار کەس. هەروەها رێژەی بێکاری 0.5٪ کەمیکردووە و لە مانگی ئەیلوولی 2023 ـدا گەیشتووەتە 9.2٪.
بەپێی ئامارەکە رێژەی بێکاریی ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 24 ساڵە، بەراورد بە هەمان مانگەکانی ساڵی 2022 بە رێژەی 0.7٪ کەمیکردووە و بووەتە 17.1٪.
لە تورکیا و باکووری کوردستان لە مانگەکانی تەمموز، ئاب، ئەیلوولی 2023ـدا 124 هەزار کەس هەلی کاریان بۆ رەخساوە و بە گشتی هەلی کار بۆ 31 هەزار و 724 هەزار کەس دەستەبەر کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ