پارێزگای کیلیس: هیچ هێرشێکی مووشەکی نەکراوە
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای کیلیس ـی باکووری کوردستان رەتیدەکاتەوە لە دیوی سووریاوە بە مووشەک هێرش کرابێتە سەر کیلیس و هێزە چەکدارەکانی تورکیاش وەڵامیان دابێتەوە.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 16-10-2024 ئاگر لە ناوچەیەکی کیلیس کەوتەوە، دواتر دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە لە دیوی سووریاوە دوو مووشەک ئاراستەی کیلیس کراون و سوپای تورکیاش وەڵامی هێرشەکەی داوەتەوە، بەڵام پارێزگای کیلیس ئەو دەنگۆیانەی رەتکردنەوە.
پارێزگای کیلیس لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، کاژێر 17:53 خولەکی رۆژی چوارشەممە شەڕ لە نێوان دوو گرووپی سەر بە سوپای نیشتیمانیی سووریا شەڕ روویداوە، هیچ هێرشێک بۆ سەر کیلیس نەکراوە.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کاتی شەڕەکەدا مووشەکێک لە ناوچەیەکی مینڕێژکراوی بەرامبەر گوندی ئاکنجی کەوتووەتەوە کە سەر بە ناوەندی شاری کیلیسـە، بەو هۆیەوە ئاگر لە زەوی و زاری ناوچەکە کەوتووتەوە.
پارێزگای کیلیس هەروەها رایگەیاندووە، ئەو دیمەنانەی لە سۆشیاڵمیدیادا بڵاوکراونەتەوە، دیمەنی ئەودیوی سنوورەکانن لە دیوی سووریا.
بە گوێرەی زانیارییەکان شەڕەکە لە نێوان گرووپە چەکدارەکانی سوڵتان موراد و سقور ئەلشیمال روویداوە کە دوو گرووپی چەکدارن لە نێو سوپای نیشتیمانیی سووریا و تورکیا پاڵپشتییان دەکات.