رووداو دیجیتاڵ
ئۆرهان میرئۆغڵو، سیاسەتڤانی ناسراوی کورد و ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لە 78ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ (شەممە، 17ـی ئابی 2024) ئۆرهان میرئۆغڵو لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیی "78ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆز دەکەم. پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر بنەمای دیموکراسی بۆ عێراق، ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی دراوسێ دامەزرا. ئامانجی ئەمڕۆی ئەم پارتەش دیموکراسی، هاوئاهەنگی لەگەڵ دراوسێکان و بەهێزکردن و پاراستنی سیستمی فیدراڵییە."
لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا، ئەو ئەندامەی دەستەی سەرکردایەتیی ئاکپارتی دەڵێت، "پەیوەندییەکانی تورکیا-هەولێر لە سەردەمی (تورگوت) ئۆزال (1989-1993) تاوەکو ئەمڕۆ لەسەر بنەمای دۆستایەتی بونیاتنراون. لە سەردەمی ئاکپارتیشدا ئەم پەیوەندییە سیاسیی-ئابوورییە بە سەرۆکایەتیی سەرۆککۆمارمان بەرەو قۆناخی زۆر باشتر پەرەی سەند."
هەروەها دەڵێ "سەرۆککۆمارمان دوای سەردانەکەی (مانگی نیسانی ئەم ساڵ) بۆ بەغدا، وێستگەی دووەمی بۆ هەولێر بوو. بەردەوامبوونی ئەم پەیوەندییە بەهێزە، بەدڵنیاییەوە ئاشتی و سەقامگیری زیاتر بۆ ناوچەکە دەگەڕێنێتەوە و بایەخێکی زۆر گرنگ بە پەیوەندییە مێژووییەکەی کورد-تورک دەدات کە کۆڵەکەکەی فراوانترکردنی ئاشتی و دۆستایەتی بووە".
ئۆرهان میرئۆغڵو لە کۆتایی پەیامەکەیدا نوسیوویەتی، "دووبارە 78ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆز دەکەم. بە رێزەوە یادی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی دەکەمەوە."
16ـی ئابی 1946 پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرا، سهرهتا ناوی (پارتی دیموكراتی كورد) بوو، دواتر له كۆنگرهی سێیهمدا له شاری كهركووك لە ساڵی 1953 بڕیاردرا ناوی بكرێته (پارتی دیموكراتی كوردستان). یەکەم سەرۆکی پارتی مەلا مستەفا بارزانی بوو و ئێستاش سەرۆک مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەو حیزبەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ