رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای قەیسەریی تورکیا 4 کەس گیانیان لەدەستدا و 2 کەسی دیکە بریندار بوون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 17ی ئابی 2024 ئۆتۆمبێلێک لە رێگەی سەرەکیی نێوان مەڵەتێ - قەیسەری لەنزیک قەزای ئەرجیەش لە پارێزگای قەیسەری وەرگەڕا و لە ئەنجامدا 4 کەس گیانیان لەدەستدا و 2 کەسی دیکەش برینداربوون.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی قەیسەری هۆکاری رووداوەکەی بۆ تیژڕۆیی ئۆتۆمبێلەکە و لە کۆنترۆڵ دەرچوونی گەڕاندەوە کە بووەتە هۆی وەرگەڕانی.
دۆخی تەندروستیی دوو بریندارەکە جێگیرە و لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن. بەگوێرەی لێدوانی یەکێک لە بریندارەکان، سەرجەم سەرنشینەکانی ئۆتۆمبێلەکە خەڵکی ئەرزەڕۆم بوون و بۆ بەشداریکردن لە پرسەی کەسێکی نزیکیان بەڕێکەوتبوون بۆ کۆنیا.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، لە شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 344 هەزار و 906 رووداوی هاتووچۆ لە باکووری کوردستان و تورکیا روویانداوە و لە ئەنجامدا هەزار و 533 کەس گیانیان لەدەستداوە و 215 هەزار و 646 کەسی دیکەش بریندار بوون.
پار ملیۆنێک و 314 هەزار و 136 رووداوی هاتووچۆ روویاندابوو و لەو رووداوانەدا 6548 کەس گیانیان لەدەستدابوو و 350 هەزار و 855 کەسیش بریندار ببوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ